hemn husain
10 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2016
سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وەڵامی راپۆرتێکی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی دایەوە کە بریتیی بوو لە سێ تەوەر.
تەوەرەکانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بریتی بوو لە "رەوشی ئافرەتان لە ژێر دەسەڵاتی داعش، رەوشی پێکهاتەی ئایینی، پێویستە پارێزگاریکردن لە هاووڵاتییانی سڤیل پێشەنگ بێت لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوە مووسڵ".
سەبارەت بە وەڵامی ئەو راپۆرتەی کە لە 22/4/2016 دەرچووە، باس لە خۆپێشاندانی کەمەنەتەوەکان بەتایبەتی مەسیحییەکان دەکات سەبارەت بە رێگریکردنیان لە خۆپێشاندان، لەمبارەیەوە سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر دیندار زێباری گوتی: "لە راستیدا وەڵامی ئێمە بۆ ئەو راپۆرتە ئەوەیە لە هەر ناوچەیەک رێوشوێنی تایبەتمیان هەیە بۆ خۆپێشاندان ئەویش دەبێت داواکار مۆڵەتی خۆپێشاندانی هەبێت و دەسەڵاتی ناوچەکەش دەبێت پێشوازی لە خۆپێشاندانەکان بکات کە ئەو پێشوازییە کراوە لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی ناوخۆ هەندێک ئیجرائاتی کردووە ئەوەیش بۆ ئەوە مەبەستەی کە نەبێتە هۆی روودانی هەر حاڵەتێک و جگە لەەوەش لە هەموو شارەکان ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە و نوێنەری پێکهاتەکان هەیە و ئەوەی کە مەبەستمانە کە روونی بکەینەوە، خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان ئازادە بەڵام پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت هەیە".
سەبارەت بە راپۆرتی دووەم لە 5/4/2016 باس لە ئافرەتانی ژێردەستی داعش دەکات کە ئازار دەچێژن بەتایبەتی ئافرەتانی ئێزدی و راپۆرتێکی دیکەش لە 24/4/2016 دەرچووە ئەویش باس لە پاراستنی خەڵکی سڤیل دەکات لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.
سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێبینییان لەسەر کۆی راپۆرتەکان هەیە و لەمباریەوە دکتۆر دیندار زێباری گوتی: "ئەگەر ئێمە وەکو نموونە باسی عێراق بکەین دەبینین هێشتا لە ژێر هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش دایە و تەنیا لە مانگی ئازار، یەک هەزار و 119 کەس لەناوچە جیاجیاکانی عێراق بە هۆکاری توندوتیژی کوژراون، جگە لەوەش بەپێی مەزەندی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو قەیرانە مرۆییەی لە عێراق هەیە ئەوا بڕی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ چارەسەریی قەیرانی مرۆیی و نزیکەی 10 ملیۆن کەس کە ژێر هەڕەشە و ناهەمواری مرۆییدایە".
خەڵکی سڤیل کلیلی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵە
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، چەند تێبینییەک دراوە بە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێزەکانی سوپای عێراق و میلیشا و حەشدی شەعبی کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان کاری نامرۆییان ئەنجام داوە و هاوکات لە تێبینییەکانی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هیومان رایت وۆچ هاتووە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان خانووی بەشێک لە عەرەبەکانی سوننەیان خاپوور کردووە.
سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ پشتی بە زانیارییەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەستووە و لەمبارەیەوە دیندار زێباری گوتی: "ئەو ناوچانەی کە باس دەکرێن، ئەگەر خانوو خاپوور کرابێت یان خەڵک لەو شوێنانە نەمابێت، دیارە ئەو ناوچانە هێڵی پەیوەندین کە بەردەوام بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هەیە و جگە لەوەش کە ئەو شوێنانە بۆمبڕێژ کراوە و زۆرجار دەبێتە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل، لەلایەکی دیکەوە خەڵکێکی زۆر هەیە لەو ناوچانە کە هاوکاری داعشی کردووە و دواتر لەگەڵیان رۆیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەو رێنماییەی کە ئێستا هەیە هیچ هێزێکی ئەمنی ناتوانێت رێگا لە هاتوچوونی هیچ هاووڵاتییەک بگرێت، ئەوەی لە هەندێک شوێن دوورخراونەتەوە ئەوە مەسەلەی ئەمنی بووە و ناوچەکە شەڕی تێدا بووە".
ژمارەی دیلەکانی ژێر دەستی داعش
ئەگەرچی لەکاتی پەلاماردانی شنگال شەش هەزار و 284 هاووڵاتی ئێزدی کەوتنە ژێردەستی داعش و بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ تا ئێستا نیوەی ئەو ژمارەیە رزگارنەکراون و چارەنووسیان نادیارە.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بە سێ هەزار و 500 دیل کراوە لە ئێزدییەکان کە تا ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە و هاوکات دیندار زێباری ئاماژە بە ژمارەیەکی دیکە دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە پێشوازی لە راپۆرتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکەین و بە راپۆرتەکی باش دەیبینین بەڵام ئافرەتانی ئێزدی بەشێکی زۆریان رزگار کراون و هەتا ئیستا یەک هەزار و 800 ئافرەتی ئێزدی لە ژێردەستی داعش ماونەتەوە کە ئەوەش ئاماری وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەڵام بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان سێ هەزار و 500 کەس لە ژن و منداڵ و پیاو لە ژێردەستی داعش ماونەتەوە".
رۆڵی وڵاتان
سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆلی وڵاتانی دیکە کرد سەبارەت بە هاوکاریکردنیان لە دژی تیرۆر و لە درێژەی قسەکانیدا دیندار زێباری گوتی: "دەبێت ئاماژە بە رۆڵی چەند ولاتێک بکەین کە هاوکاری ئەم دۆسیەیان کردووە لەوانەش وڵاتی ئەڵمانیا کە 95 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری ئافرەتانی ئێزدی بکرێت کە لە ژێردەستی داعش رزگار دەکرێن و بەشێکی زۆریان بۆ ئەڵمانیان رۆیشتوون و لەوێش کارتی نیشتەجێبوونی کاتییان پێ درداوە".
هەروەها سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی زۆری مین لەناوچەکانی ژێر دەسەلاتی داعش چێنراون و دواتریش ئاستەنگ بۆ رزگاربوونی دیلەکان دروست دەکات و وەک خۆی دەڵێت داوامان کردووە کە گرنگی بەو بابەتە بدرێت.
لەلایەکی دیکەوەش دیندار زێبار هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و گوتی: "هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کاری جددیی کردووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگاریان دەبێت".
سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی حکوومەتەکەیانی ئاشکرا کرد بۆ بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدییەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "هەوڵی ئەوەمان داوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدییەکان و لە ئەمریکا و ئیتالیا و هۆڵەندا و یەکێتیی ئەرووپا لێژنەی تایبەتمان داناوە بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە".
کەمپی نەزراوە
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ باسی "کەمپی نەزراوە" کراوە کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای کەرکووک لە ئێستادا نزیکەی 350 خێزان لەو کەمپە دەژین و سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە ئەو کەمپە لە ژێردەسەڵاتی حکوومەتی عێراقە و لە وەڵامی ئەو بابەتەدا گوتی: "ئێمە لەگەڵ پاریزگای کەرکووک و نووسینگەی کۆچ و کۆچبەران قسەمان کرد کە ئەو کەمپە بە پێشنیازی نووسینگەی کۆچ وکۆچبەرانی حکوومەتی عێراق دامەزراوە و ئەوانەی لەوێ دەمێننەوە بەشێوەیەکی کاتییە کە هەندێک جار دەگاتە مانگێک بۆیە بڕیار درا کەمپێکی کاتیی هەبێت و خزمەتگوزاریی باشتری هەبێت و بتوانن پێداچوونەوە لە ناسنامەی ئەو کاسانە بکرێت و لە رووی ئەمنییەوە کارەکانیان جێبەجێ بکرێت".
جێی ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستان 40 کەمپ هەیە بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان لەوانەش 22 کەمپ بۆ ئاوارەکان و 18 کەمپ بۆ پەنابەرانە و لە ئێستاشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی زیادکردنی ژمارەی کەمپەکانە و پێشبینی زیاتربوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکان دەکرێت.