هەولێر - AA
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری رایگەیاند لە هەرێمی كوردستان زیندانی سیاسی نییە و هیچ سكاڵایەكیان لەسەر بوونی ئەشكەنجەدان لە زیندانەكان بۆ نەچووە، دەشڵێت کە 35 كەس لە هەرێم حوكمی لەسێدارەدانیان هەیە.
- "800 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان ماون"
ئاژانسی ئانادۆڵو: دوایین ژمارە و ئاماری ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان چەندە و چۆنە؟ پەنابەران چەند دەبن؟
دیندار زێباری: بەنیسبەت هەرێمی كوردستانەوە ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لێرەن لە سەروو 800 هەزار كەسەوە دەبن، ژمارەی پەنابەران نزیكەی 250 بۆ 270 هەزار كەس دەبێت كە پەنابەرانی سووریا، ئێران و تورکیان و بەنیسبەت ئاوارەكانیشەوە زیاتر لە 500 هەزار كەس دەبن كە ئەمان زیاتر هی پارێزگا سوننەنشینەكانن، هەروەها پێكهاتەكانیشی لەنێودایە، ئەو ئاوارانە هی نەینەوا، سەڵاحەددین، دەورووبەری كەركووك و هەروەها مەخمووریش تاڕادەیەك هەن.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن. لە ساڵی 2018دا، 39 كەمپمان هەبوون هی ئاوارە و پەنابەران، بەڵام پڕۆسەی گەڕانەوەی خەڵك دەستیپێكرد، ئەگەرچی بەداخەوە تا ئێستا زۆرینەی ئەو خەڵكە لە كوردستان ماون و كەمپەكانیش هیچیان دانەخراون، هەموویان ماونەتەوە.
پێشتر نزیكەی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارە لە ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان هەبوون، نزیكەی 600 هەزاریان گەڕانەوەنەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەمانە لە ناوچەی ناكۆكی لەسەریش هەبوون، بەشی زۆری ئەوانەی گەڕاونەتەوە هی مووسڵن و بەشێكیشیان هی سەڵاحەددین و دیالە و ناوچەكانی دیكەن.
هەرچی پەیوەستە بە پەنابەرانی سووریاش لە سەرەتاوە و لە ساڵی 2015 و 2016ەوە ژمارەیان گەیشتبوویەوە 340 هەزار كەس، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەوان لە هەرێمی كوردستان لە نێوان 230 بۆ 240 هەزار كەس دەبێت، پەنابەرانی توركیاش نزیكەی 20 بۆ 21 هەزار پەنابەری لێرە هەیە، هەروەها پەنابەرانی ئێرانیش، 11 تا 12 هەزار كەس دەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پەنابەران مافی پەنابەرێتییان نادرێتی ئەمە بۆ؟ لەگەڵ عێراق نەگەیشتوون بە چارەسەرێك بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتی بدرێت بە هاووڵاتییانی وڵاتانی دیكەی نیشتەجێی هەرێم ئەوانەی داوا دەكەن؟
دیندار زێباری: ئەم بابەتە پرسێكی سیادیی عێراقییە، هەروەها گرێدراوە بە بارودۆخی سیاسی، یاسایی و لایەنی دیكەی عێراقەوە، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان پێمانباشبووە ئەو بەڵێننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەی هەن بەتایبەت ئەوانەی UNHCR و UN و جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی پێمان باشە عێراق كە زۆرینەی ئەو رێككەوتننامانەی واژووكردووە ئەوانە رەچاو بكرێن لە یاسا نوێیەكانی عێراق، هاوكات پێمانباشە یاسا نوێیەكانی عێراق یان ئەوانەی لە دەرچووندان ئەوە لەبەر چاوبگیرێت كە كەسانێك هەن زیاتر لە پێنج ساڵ دەبێت لە عێراق دەژیین و لە زۆرینەی وڵاتانی بیانی ئەوە ئەو ماوەیە تەواوبكات لە وڵاتێكدا مافی داواكردنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە. لە عێراق دەكرێت ئەو ماوەیە زیاد و كەم بكرێت، بەڵام ناكرێت ئەو مافە هەر نەدرێت، یان تەنها ئیستیسنائی بێت، بۆیە پێمان باشە دەستوەردانی سیاسی و شتی دیكە لە بابەتی رەگەزنامەی عێراق نەبێت و ئەم پرسە نەكرێتە پرسێكی سیاسی بۆ ئەو پەنابەرانەی كە داوای مافی رەگەزنامەی عێراقی دەكەن، ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێمانباشە ئەو پەنابەرانەی كە چەندین ساڵە لە هەرێمی كوردستانن رەگەزنامەی عێراقییان پێ بدرێت و ئەوەش بەپێی هەموو بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان مافی ئەوانە و پاڵپشتیی لێدەكەین.
- "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان كەمتەرخەم بوو"
ئاژانسی ئانادۆڵو: باستان لەوەكرد كە نزیكەی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی كوردستان هەبوون، ئێستا نزیكەی 500 هەزار كەسیان ماون، كەواتە نزیكەی 800 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەمانە حكوومەتی عێراق ناچار بەگەڕانەوەیان دەكات یان چۆنە؟
دیندار زێباری: دەتوانم بڵێم هەڵوێستمان زۆر روون و ئاشكرایە، ئێمە پاڵپشتیی لە گەڕانەوەی خەڵك دەكەین بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئیدی كورد بن، عەرەب بن، توركمان بن، شەبەك بن، ئێزیدی بن، سابیئی بن، كاكەیی بن، واتە هەر نەتەوە و مەزهەبێك بن كە لە چوارچێوەی گەلانی عێراقدا دەژیین، ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكانداین، لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێ نیین، ئەسڵەن ئەمە دژبە بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و دژبە بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیشە.
ئێمە بۆ ئەو هەڵوێستەمان پاساومان زۆرن، بەنموونە خزمەتگوزاریی سەرەكی كە هێشتا لەو ناوچانەی شوێنی ئەسڵی ئاوارەكانە وەكو پێویست نیین، هەروەها ئاسایش و بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە هێشتا بەتەواوەتی وەكو پێویست نییە و لە زۆرینەی ناوچەكان ئەگەر خراپترنەبووبێت باشتر نییە، هەروەها شانە نووستووەكانی داعش هێشتا لەو ناوچانە هەن و جارێكی دیكە بوونەتەوە بەمەترسی بۆسەر خەڵك و تۆڵەسەندنەوەی هۆزەكانیشی هاتووەتە سەر و بووەتە بارگرانی بۆ ئەوەی خەڵك نەگەڕێنەوە، هێشتا خزمەتگوزارییەكانی وەكو تەندروستی، ئاو و كارەبا و رێگەوبان و خوێندن و ئەوانە وەكو پێویست نیین.
هەروەها زۆرینەی ئەو ناوچانەی تێكدراون پێویستییان بە ئاوەدانكردنەوەی بەپەلە هەیە ئەمەیش بەو بارودۆخ و بارە داراییەی هاووڵاتییان بەتەنها ناكرێت، لێرەدا دەتوانم بڵێم لەم پرسەدا نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی كۆمەكبەخش كەمتەرخەم بوون. لە میانی ئازادكردنی ئەو ناوچانە بەڵێنی زۆریان دا كە هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستانیش بكەن لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە، كەچی دواتر بەداخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەكو پێویست نەهاتوونەتە سەر خەت و ئەو بەڵێنانەی كە داویانە بەجێ نەگەیەنراوە لە پاڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم ئەو بەڵێنانەشی كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان داویانە كە نزیكەی 320 رێكخراوی نێودەوڵەتیین لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەدەگمەن ئەگەر چەند ژمارەیەكی كەمیان ئەسڵەن سەردانی ناوچەكانیان كردبێت، بۆیە نە نەتەوە یەكگرتووەكان نە وڵاتانی كۆمەكبەخش، نە كۆنسولگەرییەكان و باڵیۆزخانەكان نە ئامادەگییان لەو ناوچانە هەیە و نە هیچێكیان كردووە و هۆكاری ئەمیش هەیە كە وا ئەكات ئەوان نەتوانن بەو خەڵكە بڵێن بچنەوە شوێنی خۆیان.
بەپێی هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتی وەكو ئەمنستی ئینتەرناشیناڵ هەندێك هەوڵ هەیە لە هەندێك ناوچە كە خەڵك بۆ ناوچەكانی خۆیان بنێردرێنەوە، ئێمە ئەوە دەزانین كە ئەو سیاسەتە لە ناوچەكانی ئێمە نییە، ئەگەر ئاوارەكان بەزۆر بنێردرێنەوە لەدژی رادەوەستیین، بەڵام نازانم ئەگەر شتی وا هەبووبێت یان خەڵك بەزۆر نێردرابێتەوە بۆ شوێنی خۆیان.
ئاژانسی ئانادۆڵو: حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕە پارەی لە ئاوارەكان خەرجكردووە؟
دیندار زێباری: گوژمەیەكی زۆرە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەچەند شێوازێك خەرجیی هەبووە، بوونی كارمەند و كارەبا و زەوی و قەرەبووە و شتی دیكەشە، ئێمە لە ساڵانی 2015 بۆ 2018 واتە لەو چوار ساڵە زیاتر لە سێ ملیار دۆلارمان خەرجكردووە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی دەگوترێت کە هەرێمی كوردستانیش رێگرە لە گەڕانەوەی بەشێك لە ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، وەڵامتان؟
دیندار زێباری: ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ گەڕانەوەی بەزۆری ئاوارەكان نین بۆ ناوچەكانی خۆیان، وەكو چۆن بەهیچ جۆرێك رێگر نابین لەبەردەم گەڕانەوەی ئەوان، حكوومەتی هەرێم بەزۆر كەس ناگەڕێنێتەوە، بەڵام گەڕانەوەی خەڵك بۆ ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە و ئێمە رێگرنیین، بەڵام پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانیش گرنگە، حكوومەتی هەرێم ناتوانێت بەزۆر یان بە ویستی كەسێك یان دوو كەس دەرگا بكاتەوە بۆ هەندێك ناوچە كە مەترسی ئەمنییان لەسەرە و مەترسی ئەوە هەیە ئەو خەڵكە دژبە هەرێمی كوردستان بەكاربهێنرێت لە هەندێك شوێن وەكو ناوچەكانی حەسەن شام و رەبیعە و ناوچەی دیكە وەكو ئەوەی قسە هەیە كە گوایە هەرێم و پێشمەرگە ناهێڵن ئاوارەكان بگەڕێنەوە، ئێمە تەنها تەحەفوزمان لەسەر سێ شت هەیە، خەڵكێك بگەڕێتەوە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت، ئەو خەڵكەی دەگەڕێتەوە مەترسی ئەوەی لەسەربێت لە لایەن هەندێك لە شانە نووستووەكانی داعش و هەندێك میلیشیاتی توندڕەو دژبە هەرێم بەكاربهێنرێن كە پێشتر كراوە، سێیەم ئەوەیە ئەو خەڵكە بگەڕێندرێنەوە نەبێتە هۆی ناكۆكیی سەربازی لەو ناوچانە.
- "853 داعشمان رادەستی حكوومەتی عێراق كردووەتەوە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە بابەتی ئامارەكانی پەیوەست بە ئەندامانی رێكخراوی داعشەوە ئایا چەند كەسیان لێ دەستگیركراوە، چەندیان لێ رادەستی حكوومەتی عێراق كراونەتەوە؟
دیندار زێباری: ئێمە ئەوەی داعش بووە و دەستگیركراوە بە پڕۆسەیەكی یاسایی و دادگاییدا تێپەڕیوە، لێكۆڵینەوەمان كردووە، ئەو دادگاییكردنەش بەپێی یاساكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بووە، ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو داعشانەی كە لە ساڵی 2017 و 2018 رادەستی حكوومەتی عێراقمان كردووەتەوە، 853 داعش بوون، ئەوانە دەستگیركراوبوون لە لای ئێمە و خەڵكی ناوچەكانی دیكەی عێراق بوون، ئێمە لە دوای رزگاركردنی ئەو ناوچانە بەردەوام بووین لە لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن تا كۆتایی لەگەڵ عێراق هاوكاربین لەم پرسەدا و بۆ ئەوەی دواتر ئەو پڕۆسەیە خۆیان تەواوی بكەن و بەردەوامی پێ بدەن، بەشێك لەوانە لەژێر لێكۆڵینەوەدابوون و لێكۆڵینەوەكان تەواونەبوون، بەشێكیشیان حوكمدرابوون و رادەستی دادگەی رەسافە لە بەغدا و بەشێكشییان رادەستی نەینەوا كراون.
سەبارەت بە بەردەوامی رادەستكردنەوەی چەكدارانی داعش لە ساڵی 2019 و بۆچی راوەستاوە لە راستییدا ئەوە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە لایەك بەگشتی ژمارەی ئەوان كەمبووەتەوە كە لە لای ئێمەن، هەروەها ئەوە پێویستە لایەنی عێراق داوا بكات كە رادەستییان بكەینەوە.
سەبارەت بە كەسوكاری داعش، ئێمە دوو جۆرمان هەیە، بەشێكیان داعش بوون و گیراون و حوكمدراون، بەشێكشیان تۆمەتیان لەسەر بووە و دواتر بێ بەری دەرچوون و ئازادكراون، سەبارەت بە جیاكردنەوەی كەسوكار و ئاوارەكانیش ئێمە جیامان نەكردووەتەوە كە ئەمانە كەسوكاری داعشن یان نا، ئێمە لێكۆڵینەوەمان كردووە ئەوانەی هەڕەشەبوون بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە چاودێریكراون و ئەگەر راست دەرچووبێت ئەوا دەستگیركراون، بۆیە ئێمە كەمپێكمان نییە لە هەرێمی كوردستان كە كەسوكاری داعش بن، ئەوانە لە شوێنەكانی دیكەی عێراق هەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی چەندیان هێشتا لە زیندانەکانی هەرێمی كوردستان ماون؟
دیندار زێباری: ژمارەی ئەوانەی هێشتا لە هەرێمی كوردستان گیراون و تۆمەتی تیرۆرییان لەسەرە 677 كەسن كە ژمارەیەکیان منداڵ و ئافرەتن، هەروەها دەبێت باس لەوەیش بكەین كە لە ساڵی 2016 بەدواوە چەندین هاووڵاتی بیانی بەتۆمەتی پەیوەندییكردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیركراون و رەگەزنامەی توركیا، سووریا، ئێران، چیك، ئەمریكا، جەزائر و ژمارەیەک وڵاتێكی دیكەیان هەبووە، ئەوانە بەتۆمەتی پەیوەندییان بەداعشەوە دەستگیركرابوون و رادەستی وڵاتەکانیان كراونەتەوە كە بەمشێوەیەبوون؛ 15یان توركی و سێ ئەڵمانی و سێ رووسی و دوو ئازەربایجانی، لەگەڵ رۆژنامەنووسی بەڕەگەز ژاپۆنی كۆسوكی سۆنیۆكا.
- "35 كەس حوكمی لەسێدارەدانییان لە هەرێمی كوردستان هەیە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە هەرێمی كوردستان چەند كەس حوكمی لەسێدارەدانیان هەیە؟
ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان حوكمی لەسێدارەدانیان هەیە بە شێوەیەكی گشتی دەگاتە 35 كەس بەوانەیشی كە داعشن، زۆرینەی ئەوانە تۆمەتی تیرۆرییان هەیە، بەڵام ئەم حوكمانە جێبەجێ نەكراون و لە ساڵی 2008ەوە یەك دوو حاڵەتی دەگمەن نەبێت لە هەرێمی كوردستان لەسێدارەدان جێبەجێ نەكراوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی ئێوە لەگەڵ ئەوەدانیین كە جێبەجێ بكرێت، حكوومەتی هەرێم نیازی هەیە كە حوكمی لەسێدارەدان بگەڕێنێتەوە؟
دیندار زێباری: لە راستییدا دانوستاندن هەبووە لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان، بەڵام هێشتا نەگەیشتووین بە شتێكی ئەوتۆ، نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەستخۆشی لە هەرێمی كوردستانیش كردووە لەوەی لەسێدارەدانی راگرتووە، عێراقیش داوای نەكردووە ئەو حوكمە بگەڕێنینەوە.
- "چەند داعشێكی بیانیمان رادەستی وڵاتانی خۆیان كردووەتەوە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئایا هەرێمی كوردستانیش داوای كردووە كە وڵاتان داعشەكانیان ببەنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە هەڵگری رەگەزنامەكانیانن؟
دیندار زێباری: ئێمە ئەو ژمارە زۆرەمان لە لا نییە، ئێمە پێشتر ژمارەیەک بیانیمان هەبووە و بەهەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانە و كۆنسولخانەکانیان رادەستی وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە كە نزیكەی 30 كەس كەمتر بوون، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو داعشانەی ماون و بیانین لە عێراق رادەستبكرێنەوە، بەڵام هەیە دوو رەگەزنامەیان هەیە یەكێكیان عێراقییە ئەمانە پێویست ناكات رادەست بكرێنەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی منداڵان و ژنانی داعش چەند كەستان لە لایە؟
دیندار زێباری: ئێمە ژمارەیەك منداڵ و خێزانەكانی داعشمان لە لابووە، بە پڕۆسە بەشێكیان ئازادكراون، بەشێكیان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بەردەوامە، بەڵام ئەمانە ژمارەیان ناگاتە 20 كەس.
ئاژانسی ئانادۆڵو: دەگوترێت بەشێك لەوانەی دەستگیركراون یان خۆیان رادەستكردووەتەوە لە ئەندامانی داعش ئەشكەنجە دەدرێن، بەتایبەت راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باس لەم شتە دەكەن و دەڵێن بەزۆر گوتەیان لێ وەردەگیرێت؟
دیندار زێباری: نەخێر شتی وا نییە، سەدان كەس لە داعشەكان خۆیان رادەستی هەرێمی كوردستان كردووە و لەو كاتەی خۆیان رادەستكردووەتەوە دانیان بەوەدا ناوە كە داعش بوون، ئێمە سنوورێكی زۆرمان لەگەڵ داعش بووە و خەڵكێكی زۆر خۆی رادەستكردووەتەوە، ئێمە لێكۆڵینەوەمان هەبووە و بەپێی زانیاری راست و دروست و بەڵگەی لێكۆڵینەوە و سەردانەکانی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەو شوێنانە هەبووە، خودی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئامادەگیی لە زیندانی و چاكسازییەكان هەبووە، هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان لە ژمارەیەک كەیسدا پارێزەریشی گرتووە بۆیە ئەوان ئاگادارن و بەشێك لە كۆنسولخانەكانیش بەدواداچوونیان كردووە بۆ ئەو بانگەشانە و ئێمە پێویستمان بەوە نەبووە ئەشكەنجەی كەس بدرێت یان بەزۆر گوتەیان لێ وەربگیرێت، ئێمە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ داعش هەبووە و نزیكبووین لە رووداوەكان، بۆیە شتەكان روون و ئاشكران.
- "لە هەرێمی كوردستان نە زیندانی سیاسی و نە زیندانیی سیاسییمان هەیە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: چەند رۆژێك لەمەوبەر رۆژی جیهانی بێ سەر و شوێنان بوو لە هەرێمی كوردستان چەند بێ سەروشوێن هەیە؟
دیندار زێباری: زۆر جار باسمان لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان هیچ زیندانێكی نهێنی نییە، داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكان و زۆر لە وڵاتان كردووە ئەوانەی رەخنەیان هەبووە كە یارمەتیدەر بن ئەگەر شتێكی وا هەبێت، ئێمە تەحەدا دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان شتێك بەناوی زیندانی سیاسی نییە، نەوەك هەر ئەوە زیندانیی سیاسییشمان نییە، ئەوانەی بێ سەروشێونن لە نەوەدەكان و پێشتر و لە بەرگریی لە هەرێمی كوردستان و ناكۆكییەكانیش بێت وەكو ئامار شتێكی وامان لەبەردەست نییە بەناوی بێ سەروشوێن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی ئەشكەنجەدان لە دەزگاكانی ئاسایش و لە زیندانەكان هەیە؟ هەندێك لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باس لە مانەوەی ئەشكەنجەدان دەكەن، وەڵامی ئێوە؟
دیندار زێباری: تۆمەت زۆر ئاسانە، بەڵام دەبێت پشتڕاست بكرێنەوە، پشتڕاستكردنەوەیش پێویستی بە بەڵگە و دێكیۆمێنتە، ئەوەیش رێگەی یاسایی خۆی هەیە، بەڵگەی پزیشكی و دانپێدانان و بەڵگەنامەی دیكەی پێویستە، ئەگەر شتێك نەبووبێت و سكاڵایەك تۆمارنەكرابێت، نە دێكیۆمێنت هەبێت، نە دادوەرێك رەخنەی هەبووبێت، نە رێكخراوێكی نێوخۆی شتێكی لەو بابەتانەی بۆ حكوومەت بەرزنەكردبێتەوە، چۆن بەدواداچوون بكەین بزانین شتی وا هەیە یان نا، ئەگەر ئەو شتانە نەبووبێت، بۆیە ئەگەر شتێكی وا هەبووبێت پێویستە بەڵگە هەبێت بۆ ئەوەی ئێمە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش هاوكاربین.
لە سیاسەت و ستراتیجییەتی ئێمە ئەوەیە سزا هەیە بۆ هەر بەرپرس یان كارمەندێك كە ئەشكەنجەی راگیراو یان زیندانییەك بدات، ئێمە ئەگەر شتێكی وا هەبێت بەتوندی دژی دەوەستینەوە، تا ئێستا هیچ سكاڵایەكمان لەمبارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە كە ئەشكەنجەدان هەبووبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە وەكو هەندێك راپۆرتی رۆژنامەوانی باسی لێوەدەكەن؟
دیندار زێباری: ئەو ناوچانەی كە ناكۆكی لەسەرن لە 2003ەوە تاوەكو ئێستا زۆرینەی ناكۆكییە سەربازی و ئەمنییەكان لەوێ بووە، تیرۆری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆییش لەوێ روویانداوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە دەبێت چارەسەری بۆ ماددەی 140 بدۆزرێتەوە و جێبەجێكردنی و ئەو ماددەیە و پێكەوەژیان لەو ناوچانە و تێگەیشتنی هەولێر و بەغدا ئەو تیرۆرە لە ئەلقاعیدە و ئەنسارئیسلام و نەقشەبەندی و بەعسی تا داعش سوودیان لەو ناوچانە وەرگرتووە، ئەگەرنا ئەو كێشانە چارەسەر نەبن ئەوا مەترسی دروستبوونی گرووپی لە داعش مەترسیدارتریش دەكرێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

