Heman Hussein Yaseen Yaseen
07 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2019
هەولێر - AA
دوێنێ چوارشەممە شەشی ئاداری ٢١٠٩، رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە بەناوی (عێراق: دەستگیرکردنی ھەڕەمەکی و ئەشکەنجەدانی مێردمنداڵی گومانلێکراو بە داعش بوون) کە تیایدا باس لەو مێردمنداڵانە دەکات کە دەستگیرکراون و گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە ھەبێت، ئەشکەنجەدراون بۆ ئەوەی ئیعتیراف بکەن.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رەوانەکراوە ئاماژە بەوە دەکات کە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ پێویستە پشت بە زانیاری دروست ببەستێت و نووسیویەتی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ھەند وەردەگرێت بەتایبەتی کە پەیوەندییان بە رەوشی مافی مرۆڤ و حوکمڕانییەوە ھەبێت، رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکی ھاوشێوەدا تۆمەتی جۆراوجۆر دەربارەی ئەو مێردمنداڵانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیرکراون دەخاتە پاڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مێردمنداڵانە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بەرلە ماوەیەک رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی دژبە ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە سەبارەت بە مامەڵەکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو مێردمنداڵانەی کە دەستگیرکراون یان گومان لێکراون بە پەیوەندیکردنیان بە تیرۆریستانەوە بەبێ پشتبەستن بە بەڵگەی دروست و بابەتیانە".
دیندار زێباری رایگەیاندووە "رێکخراوی ناوبراو سەردانی شوێنی دەستگیرکردن و مانەوەی ئەم مێردمنداڵانەی نەکردووە بۆ ئەوەی پشت بە زانیاری دروست ببەستێت، ھەروەھا ھیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بەھیچ تۆمەتێک و دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەھەمان کاتدا تۆمەتبار مافی ھەیە پارێزەرێک ئامادە بکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و ئاگاداری کەسوکاری دەکرێتەوە کە ناوبراو گیراوە، دواتر کەیسەکە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بەپێی یاسا. بۆیە ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەوەک تاوانبار. لە لایەکی دیکەوە بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە ھیچ شێوەیەک رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی (٣٣٣) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموارکراو".
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هاتووە "ئەو بارودۆخەی لە دوای ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر چەند ناوچەیەکی کوردستان ھاتە ئاراوە، وایکرد جیاکردنەوەی ھاووڵاتییانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوەیە لە کاتی ھاتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان ئاسان نەبێت، بۆیە لەلایەن پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییان و خودی ئاوارەکان و رێگانەدان بە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو ھاووڵاتییان بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانی ھەرێم. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەدا تا ئێستادا ٩٠ کەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵاندا ھەیە، لەوانە ١٤ کوڕ کە راگیراون و ٥٠ی دیکەش لە کوڕەکان بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە لەگەڵ ٢٦ ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەکی زۆریان کە بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوون ئازاد کراون و رەوانەی ئەو شوێنانە کراون کە لێوەی ھاتبوون".
دیندار زێباری تیشکی خستووەتە سەر مافی راگیراو و سزادراوان رایدەگەیەنێت "ئەو مێردمنداڵانە ھەمان مافی راگیراوانی دیکەیان ھەیە وەک بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و لەم رووەوە رێکخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێکی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکانی راگیراوان لە چاکسازی ھەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکارییەکی زۆری ئەو پارێزەرە دەکەن و بەم دواییە شەش لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەکەوە ئازادکراون، ھەروەھا دەتوانن پەیوەندیی بە کەسوکاریانەوە بکەن بە شێوەیەکی ئاسایی، تەنیا لەو کاتانەدا نەبێت کە لەژێر لێکۆڵینەوەدابن.
سەبارەت بەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشیان دەکرێت، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت "پرۆگرامێکی تایبەت داندراوە بە رەزامەندی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی بۆ ئەوەی ئەم دەستگیرکراوانە سوودمەندبن لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی و بڕیار وایە بەم زووانە ئەم پرۆسەیەی دەست پێ بکات بۆ ئەوەی گیراوان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەبن و ئەو بڕوانامەی کە پێیان دەدرێت لە کۆتایی خولەکە بەناوی گرتووخانەوە نییە بەڵکو بەناوی رێکخراوەکانەوەیە تاوەکو لە دوارۆژ مۆرکی گرتنیان بەسەرەوە نەبێت".
دیندار زێباری ئاماژەی بە مانەوەی دەستگیرکراوان بەر لە دادگاییکردنییان کردووە و دەڵێت "ھەر کەسێک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە، دواتر بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێن بۆ دادگای تایبەت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیان، بەڵام زۆر جار بە ھۆی زۆری ژمارەی راگوێزراوان ئەوا رێکارە یاساییەکان ماوەیەک دەخایەنێت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆ مانگانە بە لیست ناوی ئەو راگیراوانەی پەڕاوەکانیان یەکلایینەکراوەتەوە رەوانەی سەرۆکایەتی دادگاکانی تێھەڵچوونەوەی پارێزگاکان دەکات بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان و ئەنجامدانی پرۆسەی دادگاییکردنیان بەپێی یاسا".