Ekip
07 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2019
هەولێر - AA
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ رایگەیاند "چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى دەستیان خستووەتە ناو دەستى یەک و هاوکارى تیرۆریستانى داعش دەکەن لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و سووریا".
قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "چەکدارانى پەکەکە لە چەند رۆژى رابردووەوە لە بەرامبەر وەرگرتنى پارە، زیاتر لە ٥٥٠ تیرۆریستى داعشیان بۆ نێو خاکى عێراق گواستووەتەوە و لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا خۆیان حەشارداوە، بەشى زۆرى چەکدارەکان لە سنوورى قەزاى شنگال و تەلەعفەر و لە شارەدێیەکانى رەبیعە، بەعاج و بلێج خۆیان ونکردووە".
گوتیشى: "ئەو تیرۆریستانەى داعش لە باغۆزى دێرازۆرى سووریاوە هێندراونەتە سنوورى پارێزگاى نەینەوا و قەزاى شنگال، ئەمە دووبارە داگیرکردنەوەى شنگالە و ئەگەرى کارەساتێکى دیکەى مرۆیی هەیە، چونکە داعش وەکو مارى سڕ وایە، هەر کاتێک گەرم بێتەوە پەلامارى خەڵکى بەشمەینەتى شارەکەمان دەدات".
شەشۆ کە فەرماندەیەکى سەربازى و کەسایەتییەکى دیارى سنوورى قەزاى شنگالە لە چەکدارانى پەکەکە زۆر توڕەیە و دەڵێت "پەکەکە کوڕى پارەیە، ئەوە چەندین ساڵە بوونەتە بەڵا و سەرئێشە بۆ شنگالییەکان لەژێر دروشمى پاراستنى شنگال، کەچى ئەمڕۆ لەگەڵ داعش رێککەوتن دەکەن بۆ دووبارە گەڕانەوەى داعش بۆ سنوورەکەمان".
دەشڵێت "دەبێت حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق پێکەوە رێکبکەون بۆ دەرخستنى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال، جا بە هەر رێگەیەک بێت، ئێمە دەرخستنى ئەو چەکدارە نایاسایی و ناشەرعییانەمان دەوێت".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە کۆتایی لێدوانەکەى دەڵێت "تاکە چارەسەر گەڕانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقە بۆ شنگال، تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، سنوورەکە لە تیرۆر پاک نابێتەوە".