Hemin Hüseyin
08 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2017
هەولێر-AA
رۆژی ٤/٣/٢٠١٧ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیھان بڵاوکردەوە، لەم راپۆرتەدا بەشێکی تەرخانکراوە بە عێراق و تیایدا لە بارەی چەند پرسێکەوە رەخنە ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکات لەوانە پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەگەری، پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامودەزگا ئەمنییەکانی ھەرێم، رەوشی چاکسازییەکان و ئەشکەنجەدان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەوشی کەمە نەتەوایەتی و ئایینیەکان لە ھەرێم و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە رەوەشی مافی مرۆڤ.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری ئاماژەی بە رەوشی مافی مرۆڤ و تێبنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بەدواداچوونی پێویست ئەنجامدراوە بۆ مەبەستی وردبوونەوە لەو سەرنج و تێبینیانەی کە ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم کراون لە دەرەنجامدا راپۆرتێکمان ئامادەکردووە کە بریتییە لە بابەتەکەیانی پەیوەست بە رەوشی ئاوارە و پەنابەران کە یەکێکە لەو بابەتانەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، بێگومان یەکێک لە سەروەرییەکانی ھەرێمی کوردستان کە لە ھەموو جیھان باسی دەکرێت ئەوەیە کە باوەشی کردۆتەوە بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کە بە چەند قۆناغێک روویان لە ھەرێم کردووە، یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٠٦ و قۆناغی دووەم لە دوای ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بوو، قۆناغی سێیەمیش دوای پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی مووسڵ و دەورووبەری دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکان کە بەشێکیان خێوەتە، بەڵام بە ھۆکاری گەرمای ھاوین و سەرمای زستان بەشێکیان کۆن و رزیون و زیانییان بەرکەوتووە بە ھۆی لێزمەی بەھێزی باران و رەشەباوە بۆیە پێویستیان بە گۆڕین ھەیە، سەبارەت بە ھەوڵەکانی گەڕانەوەیان بە زۆرەملێ ئەمە لە راستییەوە دوورە، چونکە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٧ هەزار خانەوادەی عەرەب ھاتوونەتە کەرکووک کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی سەڵاحەددینن و ناگەڕێنەوە، ھەرچەندە ناوچەکانیشیان ئازاد کراوەتەوە سەرەڕای ئەوەش کەس بە زۆر نەنێردراوەتەوە سەر زێدی خۆیان".
سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: "سەبارەت بە رەوشی ئافرەتان لە کەمپی ئاوارەکان و لە رێگای پرۆتۆکۆڵی بڕیاری ١٣٢٥ رووبەرووی ئەو توندوتیژیانە دەبنەوە کە لە کەمپی ئاوارەکان بەرامبەر بە ئافرەتان ئەنجامدەدرێن و وەزارەتی ناوخۆ لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ھەموو کەمپەکاندا بنکەیەکیان دامەزراندووە و لە سەرجەم کەمپەکان بنکەی تەندروستی ھەیە کە خزمەتگوزاری پێویست لە خۆپارێزی و چارەسەرکردن پێشکەش دەکات، بۆ ئەو حاڵەتانەی کە لە بنکە تەندروستییەکان چارەسەر ناکرێن رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناو شارەکان دەکرێن، دەبێت ئەوەش بزانین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێگای بە میدیا و رێکخراوە بیانی و ناوخۆکانی ھەرێم داوە بە پێی چەند رێنماییەکی تایبەت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دایانناوە سەردانی کەمپەکان و ناوچە ئازادکراوەکانی مووسڵ بکەن و لەم ماوەیەدا ٤٠ رێکخراوی ناوخۆ ٨٠ جار سەردانی کەمپەکانیان کردووە و ٢٧ رێکخراوی لۆکاڵیش ١٥٣ جار سەردانی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی مووسڵیان کردووە. رێکخراوە بیانییەکانیش لە ساڵی ٢٠١٦دا، زیاتر لە ٥٠ رێکخراوی بیانی ٦١٦ جار سەردانی کەمپەکانی دھۆک و ١٦١ جار سەردانی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی مووسڵیان کردووە".
سەبارەت بە پشکنینی ئەمنی ئاوارەکان، دیندار زێباری گوتی: "بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان و رێگاگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێم چەند رێوشوێنێکی ئەمنی تایبەت لە شوێنی ھاتنی ئاوارەکان و بازگە و خاڵەکانی پشکنین پیادە دەکەن و کاتێک دەگەنە سەنتەری پێشوازیکردنی ئاوارەکان لەدیبەگە راگوێزراوەکان بە ھیچ شێوەیەک راناگیرێن و پشکنینێکی زۆر ئاساییان بۆ دەکرێت، زۆرترین ماوەی مانەوەی خەڵک لە سەنتەرەکە دوو تا سێ رۆژ دەخایەنێت. لەو سەنتەرە رێکخراوی قەندیل و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رێگایان پێ دەدرێت بچنە ناو سەنتەری پێشوازیکردن".
سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگەش، دیندار زێباری گوتی: "بە پێی بڕگەی ٥ لە ماددەی ١٢١ی دەستووری عێراقی فیدرال، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دروستکردنی ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی ھەرێم. ئەم دەقە یاساییە دەسەڵات بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدات بۆ دروستکردنی ھێزەکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان. ئێستا پێشمەرگە ١٤ لیوای ھەیە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێم کوردستان ھێزی فەرمی و تایبەتی بۆ کریستیان و ئێزدییەکان دامەزراوە، ھەروەھا رۆژی ١٢/٣/٢٠١٧ ھێزی بەرگری لە ئێزدخان کە لە چوار هەزار پێشمەرگە پێکھاتوون خراوەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە. وەزارەتی پێشمەرگە لیوایەکی تایبەتی بە ناوی لیوای رۆژئاوای دیجلە دامەزراندووە کە لە دوو هەزار کەس پێکدێت لە خەڵکی ناوچەکانی زوممار، رەبیعە، عەیازییە، و بەشێک لە شنگال".
سەبارەت بە دۆسیەی نیاز عەزیز ساڵح، سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، دیندار زێباری گوتی: "لە ٥/١/٢٠١٢ بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ھەولێر دەستگیر گراوە بە تاوانی سیخوڕیکردن دادگایی کراوە بە پشت بەستن بە دەقی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣، دادگای تاوانی دوو بە ماددەی ٤٣٧ی یاسای سزادانی عێراقی سزای دا بە دوو ساڵ. ھۆکاری ئازاد نەکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کێشەیەکی دیکەدا داواکراوە بە پێی ماددەی ٢٩٨ لە یاسای سزادانی عێراقی لە پەڕاوێکی دیکەدا داوا کراوە بە ماددەی ٢٨٩ کە تایبەتە بە تەزویرکردن".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا زێباری باسی لە کەیسی ئافرەتە ئێزدییە رفێنراوەکان کرد و گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لێژنەیەکی دامەزراند بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە کەیسی ئێزدییە رفێندراوەکان و بوودجەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە بۆ رزگارکردنیان، بە پێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە رفێنراوەکان بەم شێوەیە بووە کە بەر لە ھاتنی داعش ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە نزیکەی ٣٦٠ ھەزاریان ئاوارە بوون و هەزار و ٢٩٣ کەسیان کوژران و ٦ هەزار و ٤١٧ کەسیشیان رفێنراون کە لەوانە سێ هەزار و ٥٤٧ ئافرەت و دوو هەزار و٨٧٠ کەسیان پیاو بوون".
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە گرنگی چاکسازییە ئیدارییەکان و نەھێشتنی گەندەڵی دەکات، سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦دا بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدران و نەخشەڕێگای کارکردن خرایەڕوو. لە دەستپێکی پڕۆسەکە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠٠ دۆسیەی بۆ لێکۆڵینەوە داوەتە دەستەی دەستپاکی، دۆسییەکان بە پێی تایبەتمەندی دابەشکراون بەسەر لایەنە پەیوەندیدارە دادوەرییەکان، ھەروەھا بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سێ لێژنەی تایبەت بە زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی، دەرمان و پێداویستی پزیشکی، وەزارەتی پێشمەرگە و سلکی سەربازی پێکھێنران، ئەندامانی لێژنە لەسەر بنەمای شارەزایی و دەستپاکی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان دیاریکران بەبێ رەچاوکردنی لایەنی سیاسیی".