Muhammet Ali Kemal,Hemın Othman Mohammed
17 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا مارك تۆنەر وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەو هێرشانەی هێزەكانی یەپەگە لە ناوچەی عەزاز و عەفرین ئەنجامیان داوە ''زیانبەخشە''، رایگەیاند ''داوامان لە یەپەگە و هێزە عەرەبییەكانی ئۆپۆزسیۆن كردووە خۆیان لەو كارانە بەدوور بگرن كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەكان''.
تۆنەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە وەزارەتی دەرەوە سازی كرد، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا و هەڵمەتە زەمینییەكانی یەپەگە بۆسەر عەزاز كرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ''لەوبارەیەوە زۆر روون بووین. كارەكانی یەپەگە زیانبەخشە و ئەو بەرەنگارییە هاوبەشە پەكدەخات كە پێكەوە بۆ لەناوبردنی داعش دەستمان پێ كردووە''.
تۆنەر باسی لەوە كرد كە توركیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و رۆڵێكی گرنگی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا بینیوە كە لە دژی داعش ئەنجام دراون و نیگەرانییەكانی وڵاتەكەشی سەبارەت بە كارەكانی یەپەگە هێنایە سەرزمان.
مارك تۆنەر ئاماژەی بەوە كرد كە داوایان لە یەپەگە و هێزە عەرەبییەكانی ئۆپۆزسیۆن كردووە خۆیان لەو كارانە بەدوور بگرن كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەكان و گوتی: ''ناوچەكانی دەرەوەی عەفرینیان كۆنترۆڵ كرد. هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی نزیك لە عەزاز بە بنكەی ئاسمانی مننغیشەوە. كاتێك قسەمان لەگەڵ كردن، ئەوەمان پێ راگەیاندن كە ئەم دۆخە زیان لەو ئۆپەراسیۆنانە دەدات كە لە دژی داعش ئەنجام دەدرێن''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند پێویستە یەپەگە لە بنكەی ئاسمانی مننغ بكشێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی 'ئایا كارە زیانبەخشەكانی یەپەگە، كاریگەری دەكاتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان یەپەگە و ئەمریكا' تۆنەر رایگەیاند: ''ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانییەكانمان بۆ یەپەگە لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا لە باكووری سووریا. پشتیوانییەكانمان پێش رووداوەكانی چەند هەفتەی رابردوو لە باكووری سووریا چڕكردبوویەوە. ئێمە یەپەگە وەك هێزێكی كاریگەری شەڕكەر دەبینین بەڵام هاوكات لەبارەی ئەو بابەتەوە بۆچوونی خۆمان بە روونی راگەیاند. نامانەوێت یەپەگە كارێك بكات لە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكاندا كە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ توركیا و گرووپەكانی دیكە لە ناوچەكەدا''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان پشتیوانی هێزەكانی یەپەگە لە عەزاز و بنكەی ئاسمانی مننغ ناكەن.
- هێرشەكانی رووسیا لە سووریا
تۆنەر سەبارەت بە هێرشەكانی رووسیا بۆسەر پێنج دامەزراوەی تەندروستی و دوو خوێندنگە لە حەلەب و ئیدلب كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی ٥٠ كەس كە ژمارەیەكیان منداڵ بوون هەڵسەنگاندنی كرد و روونكردنەوەی لەبارەی ئەوەدا كە ئایا ئەو هێرشانە بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەكرێن یان نا.
هەرچەند خۆی بەدوور گرت لەوەی کە هێرشەكانی رووسیا بە تاوانی جەنگ بناسێنێت، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو دەستەواژەیە لەپاش قۆناغێكی یاسایی دەتوانرێت بەكار بهێنرێت و گوتی: "پێناسەیەكی زۆر روون هەیە بۆ تاوانی جەنگ، لێرەدا نامەوێت مشتومڕی ئەوە بكەم. ئەوەی كردوویانە تەواو دڕندایەتییە و پێویستە ساتێک زووتر رابگیرێت".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا بۆردومان كردنی نەخۆشخانە بە تاوانی جەنگ ئەژمار ناكرێت؟ تۆنەر گوتی: "پێناسەیەك و قۆناغێكی یاسایی هەیە كە دەری بخات ئەوە تاوانی جەنگە یان نا. تا ئیستا هەوڵێكی یاساییمان ئەنجام نەداوە تا وەك تاوانی جەنگی پێناسەی بكەین".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لەوە دەكەن كە توركیا پلانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وشكانی لە سووریا داڕشتبێت، تۆنەر گوتی: "هیچ بەڵگەیەكمان نەبینی دەری بخات توركیا ئۆپەراسیۆنی وشكانی ئەنجام دەدات".
مارك تۆنەر، باسیشی لەوە كرد كە رەنگە بەهۆی هێرشەكانی دەورووبەری حەلەبەوە شەپۆلێكی دیكەی كۆچ روو لە توركیا بكات و گوتی: "بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەكانی رژێمی سووریاوە، لێشاوی پەنابەران زیادی كردووە، ئەمەش دەبێتە بارگرانی لەسەر شانی توركیا".