Hemın Othman Mohammed
17 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
بە بڕیارێكی حكوومەتی هۆڵەندا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە، دەستیان كرد بە بۆردومان كردنی ئامانجەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە فڕۆكە جەنگییەكانی لە جۆری ئێف 16 چەند بنكەیەكی سەربازیی و چەند شوێنێکی ستراتیجی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان كردۆتە ئامانج.
دوای بڕیاری حكوومەت، سەرۆك ئەركانی سوپای هۆڵەندا تۆم میدن میدندۆرب، زانیاری دایە پەرلەمانی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەوە كرد كە فڕۆكەكانیان زیاتر ئامانجەكانی داعشیان لە خۆرهەڵاتی سووریا كردۆتە ئامانج.
حكوومەتی هۆڵەندا كە نزیكەی ساڵێكە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشداری ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسمانی سەر داعش دەكات لە عێراق، لە 29ی كانوونی دووەمی رابردوو بڕیاریدا لە سووریاش فڕۆكەكانی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكانی سەر داعش بكەن.
بەپێی ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هۆڵەندا پەسەند كراوە، پێشنیاز دەكرێت ئەم وڵاتە لە پاڵ پێشكەشكردنی سەرچاوەی دیكە و هاوكاری پزیشكی بە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا، هاوكات پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە بكات.
هاوکات هۆڵەندا 200 سەربازیشی لە ئوردن جێگیر كردووە.