Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2017
سلێمانی -AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، ھۆشیار عەبدوڵڵا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "دادگای سلێمانی ژمارەیەک سکاڵای لە بەردەستە لەسەر من کە ھی کاتی پێش بوونمە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەو کاتەی بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی KNN بووم".
ئەو گوتی: "بە ھۆی بوونی پارێزبەندی پەرلەمانییەوە تا ئێستا نەتوانراوە لە دادگا ئامادە بم و پارێزبەندی لەسەر ئێمە ھەڵناگیرێت".
ھۆشیار عەبدوڵڵا ئەوەشی گوت "داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە ئەو ساڵەی لە تەمەنی خولی ئێستای پەرلەمان ماوە پارێزبەندی سەر من ھەڵبگرێت، داوامان لە دادگای سلێمانیش کردووە ئەگەر ئامادەبن بە بوونی ئەو پارێزبەندییەشەوە دادگاییمان بکەن ئەوا لە بەردەم دادگا ئامادە دەبم".
پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ھەموو ئەو سکاڵایانەی لەسەر ئەو تۆمار کراون لە لایەن کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کراون، لەسەر ھەواڵ و ئەو بەرنامانەی لە سەردەمی بەڕێوەبەری ئەودا لە کەناڵەکە بڵاوبونەتەوە.
لە دوای خۆپیشاندانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ بەشێک لە دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بە ھۆی بڵاوکردنەوەی ھەندێک ھەواڵ و وێنە و لێدوانەوە، چەندین سکاڵا لەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن تۆمارکران.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق پێشتر چەند جارێک لە لایەن دادگاوە بانگکراوە و رووبەڕووی گرتن و دادگاییکردن بووەتەوە، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی بۆ کرد تا ئێستا ھیچ تۆمەتێکی لەسەر ساغ نەبووەتەوە.