Abdullah Shukur
14 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
لەبارەی وتەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر بەوەی کە رایگەیاندبوو پێویستە بەشداری بە پەیەدەش لە گفتوگۆیەکانی ئاشتی سووریا بکرێ، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو وەک ئاماژەیەک بەوەی کە پەیەدەش وەک داعش تیرۆریستە گوتی: "کەواتە ئەمریکا با داعشیش داوەت بکات".
چاوشئۆغڵو لە چوارچێوەی نۆیەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکان کە ئەمڕۆ کۆتای پێدێت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و ھەڵسەنگاندنی بۆ وتەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر لەبارەی بەشداری پێکردنی پەیەدە لە گفتوگۆیەکانی ئاشتی سووریا کرد.
لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو وەک ئاماژەیەک بەوەی کە پەیەدەش وەک داعش تیرۆریستە گوتی: "کەواتە ئەمریکا با داعشیش داوەت بکات، ئێمە لەگەڵ رووسیا ھاوڕابووین لەسەر بەشداری ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا. ئێمە ئینکاری لە رۆڵی ئەمریکا ناکەین، بەڵام ئەوەی کە چاوەڕێ دەکەین ئەوەیە کە دەبێ واز لە ھەماھەنکی لەگەڵ رێکخراوەکانی تیرۆریستی بھێنێت. ئەگەر رێکخراوێکی تیرۆریستی داوەتی مێزی گفتوگۆ بکرێ ئەوا با بەرەی نوسرە و داعشیش داوەت بکا. ئایا ئەم شتە چۆن دەبێ؟ بەداخەوە سەرەڕای روونکردنەوەمان بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ھەڵەی جددی دەکات. ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتانە کۆمەڵگەی تورکیا بە قوڵی بریندار دەکات. ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا پەیوەندیمان بەھێز بکەین. بەداخەوە ئەو چەکانەی کە ئیدارەی ئێستا داویەتی بە یەپەگە کەوتووەتە دەستی پەکەکەوە ".
چاوشئۆغڵو ئاشکراشی کرد کە بەرپرسیاری ھێرشەکانی ئیستانبوڵ(بەشیکتاش)، قەیسەری، ئەنقەرە لە کەمپەکانی یەپەگەوە ھاتوون و یەپەگە و پەکەکەش ھیچ جیاوازیەکیان نییە.