Hawkar Yaseen
13 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف بەشداری کرد لە هەڵبژاردنی کێبڕکێی وێنەی ساڵی پەیامنێر و وێنەگرانی ئاژانسی ئانادۆڵودا بۆ ساڵی ٢٠٢١ و سێ وێنەی لە هەرسێ بەشی پێشبڕکێکەدا هەڵبژارد.
ئایدن مەعروف لە بەشی پێشبڕکێی وێنەی وەرزشیدا، وێنەیەکی فۆتۆگرافەر بوراک ئاکبولوتی هەڵبژاردن بە ناونیشانی، تورکیا بەرامبەر ئیتاڵیا – یورۆی ٢٠٢٠.
ئایدن مەعروف دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم وێنەیە گوتی: "تایبەتمەندی ئەم وێنەیە ئەوەبوو کە لەنێوان یاریزانەکانی هەردوو وڵات گاڵتە و پێکەنین هەیە، ئەوەیە مانای راستەقینەی وەرزش، ئەو وێنەیە ئەو مانایە دەبەخشێت کە وەرزش گوزارشت لە پێکەوەژیان و دۆستایەتی و خۆشەویستی نێوان یاریزانەکان و وڵاتەکان دەکات".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لە بەشی وێنەکانی تایبەت بە ژیان، وێنەیەکی فۆتۆگرافەر ئیسماعیل کاپڵانی هەڵبژارد بە ناونیشانی منداڵانی گوند لە جەژنی قورباندا دیاریی وەردەگرن.
ئایدن مەعروف دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم وێنەیە گوتی: "لەم وێنەیەدا دەرکەوتبوو ژنێکی بەتەمەن کە تەمەنی ٧٥ ساڵە لە یەکێک لە گوندەکانی تورکیا کاتێک لەلایەن رێکخراوێکەوە دیاریی بەسەر منداڵاندا دابەشکراوە ئەم ژنەش چووەتە ناو منداڵان و دیارییەکەی وەرگرتووە، دوای وەرگرتنی دیارییەکە دەستی کردووە بە گریان، ئەمە گوزارشت لەوە دەکات کاتێک مرۆڤ گەیشتە تەمەنێکی گەورە ئیدی هەرچەند تەمەنی زیاتربێت خۆی بە منداڵ دەبینێت و یادی یادگارییەکانی منداڵی دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە گوزارشت لەوە دەکات کە رەنگە لە تەمەنی منداڵیدا قسمەتی ئەوەی نەبووبێت بەرجەستەی منداڵی خۆی بکات و لەگەڵ منداڵان یاریی و خۆشی نەبینیبێت، ئەوەی لەم بۆنەیەدا بۆی رەخساوە وەک هەلێک بۆ هێنانەدی خەونەکەی بینیویەتی".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لە بەشی پێشبڕکێی وێنەی هەواڵیدا، وێنەیەکی فۆتۆگرافەر مەحمود سەردار ئالاکوشی هەڵبژارد بە ناونیشانی ئاگری دارستانەکانی پارێزگای موغڵا.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم وێنەیە گوتی: "دارستانەکانی تورکیا سروسشتێکی زۆر جوان و دڵرفێنن، مرۆڤایەتی خاوەنی ئەو دارستانانەن و مرۆڤ بەگشتی سوودیان لێ وەردەگرێت لەسەر ئاستی دنیا، بەڵام کاتێک سووتان، ئاگر زوڵمێکی گەورەی لە دارستانەکان کرد و لە ئەنجامیشدا کاریگەری بۆ مرۆڤایەتی هەبوو، لەم وێنەیەدا زۆر جوان ئەو کارەساتە نەخشندراوە کاریگەری لەسەر ناخی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەجێ دەهێڵێت".
کێبڕکێی ساڵانەی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ هەڵبژاردنی وێنەی ساڵی فۆتۆگرافەر و پەیامنێرەکانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٢دا دەستی پێ کرد و مەراسیمی تایبەت بە هەڵبژاردنی "وێنەی ساڵ"ی رێکخست، ئەمساڵیش ئاژانسی ئانادۆڵو ٦٧ وێنەی جوگرافیا جیاجیاکانی جیهانی خستە دەنگدانەوە و بەگوێرەی دەنگەکان وێنەی ساڵ دیاریی دەکرێت.
لە ئەنجامی دەنگدانەکەشدا باشترین وێنەکانی سێ بوار دیاریی دەکرێن کە بریتین لە بوارەکانی "هەواڵ، ژیان و وەرزش".
وێنە هەڵبژێردراوەکانی ئەمساڵ لە بەشی پێشبڕکێ ٦٧ وێنەن کە لە کۆی ٨٢٥ هەزار وێنەی فۆتۆگرافی هەڵبژێردراون، ٢٦یان تایبەتن بە بواری هەواڵ، ٢٤یان تایبەتن بە ژیان و ١٧شیان تایبەتن بە بواری وەرزش.
وێنەکان لە ماڵپەڕەکانی "aa.com.tr/yilinfotograflari" و "aa.com.tr/photooftheyear" نمایشکراون و هەموو کەسێک لە سەرتاسەری جیهانەوە تا ٣١ی کانوونی یەکەم دەتوانن دەنگیان لەسەر بدەن.