Heman Hussein Yaseen
05 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق مارک برایسن ڕیچاردسۆن کرد.
بەپێی ھەواڵێکی راگەیاندنی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە کونسوڵی بەریتانیا لە ھەولێر دێڤید ھانت ئامادەی بوو، ھەنگاوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق تاوتوێکرا.
لە بەشێکی هەواڵەکە ئەوەشخراوەتەڕوو کە ھەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە "پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ، چارەسەری گرفت و قەیرانەکانی عێراقە".
ئاماژە بەوەشکراوە کە پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی ھەرێم و مافی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پابەندبوونی خۆی بەرامبەر پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوە بوو و، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئەنجامەکانی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەریتانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا دووپاتکردەوە.