Fahrettin İbrahim
13 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پرسی کەرکووک ەب کێشەیەکی کۆن و گەورە ناو هێناوە و داوا دەکات لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کێشەکان چارەسەر بکرێ.
بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کردووە، ئاماژەی بە رێککەتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردوو لەسەر کاندیدی هاوبەش بۆ پارێزگاکە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە " هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای بە "کەشێکی ئیجابی" وەسف کردووە و ئەوەشی بە دەرفەتێک زانیوە کە "گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركووك چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركووك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی".
شایەنی باسە رێککەتنی هەر دوو لایەنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانانی پارێزگارێکی هاوبەش لە کەرکووک کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راگەیەندرا، ناڕەزایەتی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سەر بە پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووکی لێکەتووەتەوە.
رۆژی رابردوو لە کەرکووک بەو هۆیەوە خۆپیشاندانێک رێکخرا و ئیدانەی هەرچەشنە دانانی پاریزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە کرا. خۆپیشاندەران ئەو بڕیارەی پارتی و یەکێتی-یان بە فەرامۆشکردنی پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانی کەرکووک دەزانی.
ئەوەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانییە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
كێشەی كەركووك تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركووك بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەورەیە.
بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركووكدا هاتووە و، لەبەر پێویستیی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركووك و هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركووك بێت.
ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە كە بە سوودوەرگرتن لەو كەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركووكیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركووك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركووك هەیە ناكرێ بەردەوام بێت.
ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە كە هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركووك ناكەین و دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژین.
مسعود بارزانی