Hawkar Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شارۆچکەی پیرمام بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کرد و دەنگی دا بۆ دیاریی کردنی کاندیدانی کورد بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
مەسعود بارزانی جیاواز لە زۆرینەی بەرپرس و سەرکردەکانی دیکەی کوردستان دوور لە چاوی میدیاکان و بە ڕەچاوکردنی رێکارەکانی تەندروستی، بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کرد و دەنگی خۆی دا.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆوە دەستی پێ کردووە و تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە سەرانسەری عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.