Hawkar Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر AA
پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری عێراق لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستی پێ کرد و تاوەکو شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٦٨ وڵاتی دنیاوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتیی کە ٨٠٠ کەسیان چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانن و ٧٥ هەزار چاودێری ناوخۆییش چاودێری پرۆسەکە دەکەن.
کۆمیسیۆنیش بڕیاریداوە چاودێران خۆیان سەرپشکبن لە هەڵبژاردنی ئەو ناوچانەی دەیانەوێت چاودێری بکەن، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.
لە سەرانسەری عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، هەروەها لە پارێزگای دھۆک-یش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەوانەش کە کارتی بایۆمەتریان وەرنەگرتووەتەوە بە کارتی کۆنی دەنگدان دەتوانن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن بە هەندێک رێکاری دیکە و سەلماندنی راستی خاوەندارێتی کارتەکە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەست دا و کۆمیسیۆنیش بەتۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆک-یش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.