Sarmand Hameed
31 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هیوای خواست ساڵی نوێی زایینی، ساڵی کۆتاییهاتنی رۆژە سەختەکان و بەردەوامبوونی کاروانی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بێت.
مەسرور بارزانی بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٢، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی هاتووە "بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی ٢٠٢٢،گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و گشت هاونیشتمانییانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، هەڵگری خێر و خۆشی و ساڵی کامەرانیی و خۆشگوزەرانی و کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و قەیران و نەهامەتییەک بێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "ساڵی رابردوو، سەرەڕای چەندین گرفتی دارایی و ئاستەنگی دروستکراو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ لە پێناو زاڵبوون بە سەر کۆسپ و بەربەستەکان و درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازیی، هەروەها بە هەماهەنگیی و هاوکاری لە گەڵ کەرتی تایبەتیش، چەندین پڕۆژەی گرنگی لە بواری بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دا".
مەسرور بارزانی هیوای خواستووە بە هاوکاری هەموو لایەک، لە ساڵی نوێشدا، بتوانن بە شێوەیەکی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن و پڕۆژی نوێ بەگەڕ بخەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بکەم کە تێگەیشتنیان بۆ دۆخی سەختی دارایی هەبوو، هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی رۆژە سەختەکان و بەردەوامبوونی کاروانی پێشکەوتنی کوردستان بێت".
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەو رووداو و کارەساتە سرووشتییانە کردووە کە ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستاندا روویانداوە و تیایدا هاتووە "بە داخەوە لە ساڵی رابردوودا، چەندین کارەساتی سرووشتی و رووداوی نەخوازراویش روویاندا کە زیانی گیانی و ماددیان لێکەوتەوە، چەندین پێشمەرگەی قارەمانیش، لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەرگریکردن لە خاکی کوردستاندا شەهید بوون. لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموویان دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن".