Heman Hussein Yaseen
26 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا داوای دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات و بڕیارە لە دانیشتنەکەدا گوتارێک سەبارەت بە چەند تەوەرێک پێشکەشبکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە، لەسەر داوای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێکبخات.
لە دانیشتنەکەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتارێک لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و راپۆرتی سێ مانگەی چاکسازیی، پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا، شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای ھەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەشدەکات.
لە راگەیهنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکراوە کە بەپێی ماددەی ٦٦، بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکات بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر بابەتێک بدات و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت لە ماوەیەکدا کە لە ١٤ رۆژ تێپەڕ نەکات ئەو دانیشتنە رێکبخات.