عێراق

مەسرور بارزانی: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ھێرشەکەی ھەولێر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت"

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "داعش ھێشتا کێشەیەکی سەرەکییە و خۆی رێکخستوەتەوە و سوود لە بۆشایی ئەمنی وەردەگرێت".

Sarmand Hameed  | 27.02.2021 - نوێکردنەوە : 28.02.2021
مەسرور بارزانی: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ھێرشەکەی ھەولێر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر، ھێرشێکی تیرۆریستی بوو. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لێکۆڵینەوەکان قۆناخی باشیان بڕیوە و ئاماژەی تەواو ھەن کە کێ لە پشت ھێرشەکەدا بووە.

مەسرور بارزانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فرانس٢٤، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە چەندین گرووپ بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەنجامدانی ھێرشەکەی ھەولێر راگەیاندوە، بەڵام ئەوان ھەرگیز لەسەر بنەمای ئەو راگەیاندراوانە بڕیار نادەن، بەڵکو لێکۆڵینەوەکان دەیسەلمێنن کێ ئەنجامدەری ھێرشەکەیە و لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن. دووپاتیشی کردەوە، پشتیوانی لە ھەر ھەولێک دەکەن کە ئامانجی رێگریکردن بێت لە تێکدانی سەقامگیریی عێراق و بەتایبەت ھەرێمی کوردستان. ھیواخوازیش بوو کە حکوومەتی عێراق بتوانێت یاسا بەسەر ھەمووان جێبەجێ بکات، ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو لە بارەی میلیشا و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە بەردەوامی ھەڕەشەی داعش کرد لە ناوچەکە، و دووپاتیکردەوە کە داعش خۆی رێکخستووەتەوە بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە دابڕێندراوەکان دروست بووە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق. راشیگەیاند کە چەندین پێشنیاریان داوەتە حکوومەتی فیدراڵی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، لەوانەش بڵاوەپێکردنی ھێزێکی ھاوبەشی شەرعی و یاسایی لە ناوچەکە. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە داعش توانیویەتی چەکداری زیاتر بھێنێتە ریزەکانی، چەند ھێرشێکیشی لە دژی سوپای عێراق و خەلکی سڤیل ئەنجام داوە.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند کە داعش ھێشتا کێشەیەکی سەرەکییە، داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد چاودێری وردی بارودۆخەکە بکەن لەبارەی کردەوەکانی داعش.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی "کێشەی پەکەکە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە و چەندین ساڵە ھەیە و کێشەکە ھێنراوەتە ناوچەکەی ئێمە. پێمانوایە ھیچکات شەڕ ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات. بەداخەوە پەکەکە سوودی لە نیازپاکی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بیانووی داوەتە دەست تورکیا بۆئەوەی بۆردوومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بکات. پەکەکە چەندین گوند و ناوچەی چیای ھەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و بەھۆی پەکەکەوە نەماتوانیوە ٨٠٠ گوندمان ئاوەدان بکەینەوە. ھیوادارین دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت و پەکەکە تێبگات بوونی ئەوان لەو ناوچەیە خزمەتی ھیچ لایەک ناکات. بەدڵنیاییەوە پاڵپشتی لە ناسەقامگیری ھیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێشمان ناکەین و ھیوادارین چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزریتەوە و ئەو کێشەیە لەکۆڵ ناوچەکەمان بێتەوە".

مەسرور بارزانی سەردانەکەی پاپای فاتیکانی بۆ ھەرێمی کوردستان بە مێژووی لە قەڵەم دا و گوتی، "ئەو سەردانە تەنیا رێزگرتن نییە لە کریستییانەکان، بەڵکو بە رێزگرتن و ستایشکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەرێمی کوردستانی دەزانین".

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ھیواخواز بوو کە سەردانی پاپا فرانسیس، ببێتە ھۆکارێک بۆ زیاتربوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ھەرێمی کوردستان میوانداری کراون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın