Zana Natık Kerem
09 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2022
ھەولێر-AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێشنیازی کرد لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامانجی بەرگرتن لە یارییکردن و گەندەڵیی لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ناو یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان پێکبھێندرێت.
موقتەدا سەدر تویتێکی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووه: "پەسەندکردنی یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، سەرکەوتنێکی دیکەیه بۆ درێژەدان بە ھەنگاوی چاکسازی، ھێزی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەمووان سەلمێندرا کە ئەو ھێزە لە ساڵانی رابردوودا نەبووە".
راشیگەیاندووە: "ئەوەی ئێستا مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە گەندەڵکاران بەسەر ئەم یاسایە و جێبەجێکردنیدا باڵادەست بن، بۆیە نابێت چاپۆشی لێ بکرێت، چونکە فراکسیۆنی سەدر تەنھا لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بوونی ھەیە و لە کابینەی ئێستای حکوومەتدا بوونی نییە".
سەرکردەی رەوتی سەدر ئەوەیشی نووسیوە: "پێشنیاز دەکەم لیژنەیەکی چاودێری لە لیژنە تایبەتمەندەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامانجی بەرگرتن لە یارییکردن و گەندەڵی لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ناو یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان پێکبھێندرێت، ئەگەر نا جارێکی دیکە قوتی گەل بزر دهبێت. کەمتەرخەم نابم لە ئاشکراکردنی ھەرکەسێک کە ھەوڵ بدات یاری بە قوتی گەل بکات".
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی چوارشەممە، پێشنیازهیاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی پەسەند کرد.
یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان لە ١٨ ماددە پێکھاتووە و لەلایەن لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێشکەش کراوە و لەوچوارچێوەی یاساکەدا، ٢٥ تریلیۆن دینار بۆ وەزارتەکان تەرخان کراوە.