Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە داوایان لە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان کردووە لەوەی یەکلاییکردنەوەی حیسباتەکانیان لە عێراق دوور بخەنەوە و ئاماژە بەوەیش دەکات کە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (la Repubblica)ی ئیتاڵی سەبارەت بە رەوشی عێراق گوتی: "عێراقمان لەو ھەرەسھێنانە دوورخستەوە کە لە ئەنجامی رووداوەکانی پاییزی ٢٠١٩ بەرەوڕووی ببوویەوە، بەڵام ھێشتا رووبەڕووی بەرەنگاریی سەخت بووینەتەوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەبارەت بە داعش گوتی: "ھێشتا مەترسی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ماوە و ھەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات، بەڵام توانای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی نەماوە و لە ماوەکانی رابردوودا، گۆرزی کوشندەمان لە رێکخراوەکە وەشاندووە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی داعش کوژراون".
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە کە عێراق ئامادەیە ھاریکارییەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا لە بوارەکانی مەشق و راھێنان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پتەوتر بکات.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەبارەت بە ئەمریکا و ئێران گوتی: "داوامان لە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان کردووە لەوەی یەکلاییکردنەوەی حیسباتەکانیان لە عێراق دوور بخەنەوە، چونکە لە ساڵانی رابردوودا، عێراق بووبووە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوە و ململانێکانیان، پێویستە رێگای گفتوگۆ بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان".
گوتیشی: "دەمانەوێت عێراق بەشێک بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان، نەک ھۆکار بێت لە سەرھەڵدانی قەیرانەکان".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە مستەفا کازمی ھەر لە باری ئەمریکا و ئێرانەوە گوتی: "رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە و لەو باوەڕدام بەدی بێت و سەرکەوتنی دانوستانەکانی ڤیەننایش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت و خزمەتیش بە سەقامگیری عێراق دەکات".