Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ٤٥ تاوەری گواستنەوەی وزەی کارەبا لەلایەن تیرۆریستانەوە کراونەتە ئامانج.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ٤٥ تاوەری گواستنەوەی وزەی کارەبا لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق لەلایەن تیرۆریستانەوە کراوەنەتە ئامانج و گوتی: "زۆربەی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا کە زیانیان بەرکەوتووە، لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی کارەباوە چاککراونەتەوە".
لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەش کرد کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە رێگای بەئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، ھەوڵ دەدات رەوشی ئەمنی لە عێراق بشلەژێنێت و گوتی: "ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی کارەبا پێکھێنراوە، ئەوەیش بە ئامانجی چاودێرکردن و پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا و راوەداوونانی ئەو کەسانەیش کە تاوەرەکان دەکەنە ئامانج".
گوتیشی: "ھێزە ھاوبەشەکانی سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و حەشدی ھۆزەکان تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگاکان دەپارێزن".
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رەوشی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا کرانە ئامانج کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی دروست کرد.
لەئێستادا حکوومەتی عێراق، شانەیەکی ئەمنیی بە ئامانجی پاراستنی تاوەرەکانی کارەبای نیشتمانیی پێکھێناوە.