Heman Hussein Yaseen
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی رووسیا لە عێراق، ئیلبروس کوتراشیڤ و شاندێکی یاوەری کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی رووسیا لە عێراق کردووە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی ھاریکاریی و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رووسیا کردووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە باڵیۆزی نوێی رووسیا لە عێراق سەرسامیی خۆی بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە داوە کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی گرنگی بە پرسی کورد دەدات، ھەروەھا باسی لە کوردانی رووسیا کرد کە لە زۆر بواری گرنگی وڵاتەکەدا کاران و خاوەن رۆڵ و پێگەی دیارن.
راشیگەیاندووە کە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە و دۆخی عیراق بەگشتی، کۆرۆنا و ھەڵمەتەکانی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا، دۆخی سووریا و دوایین پێشھاتەکانی وڵاتەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون و تیایدا ھەردوولا ھاوڕا بوون کە دۆخی سووریا و کێشەکانی وڵاتەکە دەبێت لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن.