Rewa Mahmood Hasan
04 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2021
سلێمانی-AA
کتێبێکی تایبەت بە بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش بڵاو کرایەوە و ژمارهیهكی زۆر فۆتۆی بەرەنگارییەکانی پێشمەرگەی لەخۆگرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی تەمموزی ٢٠٢١ لە هۆڵی هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فۆتۆگرافەر، بەرپرسه سەربازییهكان و کەسوکاری شەهیدانی جەنگی دژی داعش، کتێبی "لە نیشتمانی ئاگرەوە"ی فۆتۆگرافەری جەنگ، بێساران تۆفیق بڵاوکرایەوە.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نووسەر و ئامادەکاری کتێبەکە بێساران تۆفیق ئاماژەی بەوەدا، ئەو کتێبە تایبەتە بە دۆكیۆمێنتکردنی وێنەکانی شەڕی جوندولئیسلام و شەڕی داعش، کە تێیدا ههزاران كهس له پێشمەرگە و کەسانی مەدەنی و رۆژنامەنوس شەهیدبوون.
لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی، ههڤاڵ ئەبوبەکر باسی لە گرنگی ئەو هەوڵانە کرد کە دەدرێن بۆ ئەرشیڤکردنی جەنگەکان لە دژی تیرۆریستانی داعش تاوەکو بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە.