Sarmand Hameed
27 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2022
هەولێر-AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی پێشوازیی له نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت كرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقهوه بڵاوکراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوه لەبارەی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات و جەخت لەسەر گرنگی تەواوکردنی مافە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ کرایەوە کە دەستەبەری پێداویستییەکانی گەلی عێراق بکات.
هەر لە دیدارەکەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرد کە دوێنێ سێشەممە قەزای گەرمە سەربە پارێزگای ئەنباری کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون.
جێنین هێنیس پلاسخارت جەختی لەوە کردەوە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو کارانە تێکدانی سەقامگیریی و هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئاژاوە.
شەوی رابردوو، سێ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە قەزای گەرمە رۆژھەڵاتی پارێزگای ئەنبار کران کە بەھۆیەوە دوو ھاووڵاتی برینداربوون.