Zana Natık Kerem
13 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی سەبارەت بە ژمارەیەك پرسی گرنگ گفتوگۆیان كردووە لەوانە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق.
جێنین هێنیس پلاسخارت دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی كە ئەمڕۆ شەممە لە شاری نەجەف باشووری عێراق ئەنجامی دا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و گوتی:
"لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ عەلی سیستانی سەبارەت بە پرسەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراوی خۆی، سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و كۆنترۆڵكردنی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، هەروەها كردنەوەی دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵكاران، گفتوگۆمان كردووە".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا، جەختمان كردەوە لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق و رێگەگرتن لە دەستوەردانەكانی دەرەكیی و سەپاندنی شكۆی دەوڵەت".
جێنین ھێنیس پلاسخارت راشیگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا، عەلی سیستانی داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەكانی گەندەڵی بكات و سزایان بدات، هەروەها داوایشی كردووە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت، جگە لەوەیش داوای سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و كۆنترۆڵكردنی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەتی كردووە.
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت ئاشكرایشی كرد كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، عەلی سیستانی هەروەها داوای لە حكوومەت كردووە، دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵ بكات، سەروەریی بپارێزێت و رێگەیش نەدات دەست وەردرێتە كاروباری حكوومەتەوە.
جێنین ھێنیس پلاسخارت گوتیشی: "لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، عەلی سیستانی هانی هاووڵاتییانی داوە كە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، بكەن".