Ozhin Jola
12 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2020
کەرکووک – AA
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، جێنین ھێنیس پلاسخارت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت چەند پرسێکمان تاوتوێ کرد لەوانە؛ پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە کات و ساتی خۆیدا و گرنگی بەشداریکردنی سەرجەم پێکھاتەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەمە دەرفەتێکی گرنگە لەبەردەم خەڵکی بۆ دیاریکردنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە ناوچەکانی خۆیان".
جێنین ھێنیس پلاسخارت لەسەر کەیسی ئاوارەکان گوتی: "دەبێت مەلەفی ئاوارەکان دابخرێت بەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەروەها دەبێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ فەراھەم بکرێت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لەسەر کەیسی ونبوەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی کەیسی ئەو ونبوانە چارەسەربکرێت و چارەنووسی ئەو کەسانە دیاری بکرێت.
جێنین ھێنیس پلاسخارت گوتیشی: "ئێمە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان پارێزگای کەرکووک و حکوومەتی ناوەندی دەبینین بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی کەرکووک و تەواوکردنی پرۆژەکان و خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە".
پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید جبوری سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لەسەر کەیسی ئاوارەکان گوتی: "گەڕاندەوەی ئاوارەکان بەویستی خۆیان دەبێت و ناکرێت ھیچ کەس بەزۆرەملێ بنێردرێتەوە".
هەروەها گوتیشی: "ھەرچەندە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھاوکاری باشیان کردووین، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوە و خزمەتکردنی ناوچەکانیان پێویستمان بە خزمەتگوزاری زیاترە و داوامان لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ھاوکارییەکانیان زیاتر بکەن بۆ کەرکووک، چونکە ١٣٨ گوند و ناحیە لە سنووری کەرکووک وێرانبوون و دانیشتوانانی ئاوارەبوون".
پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت باسی لەوەیشکرد کە پشتگیری گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی پێکھاتەکانی کەرکووک بەھاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان ھەنگاوێکی گرنگە و ئەوان بەجددیەتەوە کار لەسەر پێکەوەژیان و گفتوگۆی نێوان پێکھاتەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان پێکھاتەکان و دۆخێکی برایەتی لە کەرکووک فەراھەم دەکەن.
راکان سەعید جبوری سەبارەت بە دۆخی ئەمنی کەرکووک گوتی: "بەھاوکاری خەڵکی کەرکووک و ھێزە ئەمنییەکان دۆخی ئەمنی و ئاسایشی پارێزگای کەرکووک سەقامگیرە و ھەوڵی جددیش دەدەین بۆ ئەوەی خەڵکی کەرکووک بەھەموو پێکھاتەکانیەوە ھەست بەئارامی بکەن".