Heman Hussein Yaseen
19 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2020
ههولێر - AA
بە ئامادەبوونی کۆنسولی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای مانگی سووری تورکی لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا، ١٠ ھەزار ماسکی پێشکەش بە پارێزگای ھەولێر کرد و پارێزگاری ھەولێرش رایگەیاند کە پێداویستییەکانی پزیشکی وەکو پێویست ھەیە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا پێویستمان بە ھاوکاری دەبێت.

لەمیانی پێشکەشکردنی هاوکارییەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بە سوپاسەوە مانگی سووری تورکی ئەمڕۆ ١٠ ھەزار ماسکی پێشکەش بە پارێزگای ھەولێر کرد لە چوارچێوەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پێشتریش ٢٠ ھەزار ماسکی پێشکەش کردبوو''.
فەرسەت سۆفی گوتیشی: ''پێداویستییە پزیشکییەکان ھەیە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا بێگومان پێویستمان بە پێداویستی زیاتر دەبێت و لەم رووەوەش داوای ھاوکاریمان لە مانگی سووری تورکی کردووە''.

کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای گوتی: ''یەکەمجار ٢٠ ھەزار ماسکمان پێشکەش کرد و ئەمەش دووەم ھاوکاری مانگی سووری تورکییە و تورکیا لەئێستادا لە دۆخێکی تایبەتدایە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھەرێمی کوردستانیش بە جددی کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەکات''.
كاراچای جهختی لهسهر ئهوه كردهوه كه ''وهك كۆماری توركیا لە رووی دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و خۆراک ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکن''.

سەرۆکی مانگی سووری تورکی له عێراق، موراد ئۆزگوڤەن گوتی: ''لەسەر داواکاری پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ ١٠ ھەزار ماسکمان پێشکەش بە پارێزگای ھەولێر کرد و پێشووتریش ٢٠ ھەزار ماسکی دیکەمان پێشکەش کردبوو''.
موراد ئۆزگوڤهن گوتیشی كه له چوارچوهی هاوكارییهكانیاندا بڕیاریان داوه ھاوکاری ٥٠ خێزان بكهن و پێداویستی خۆراکیان بۆ دابین بكهن.
جهختیشی لهسهر ئهوه كردهوه كه بهردهوام دهبن له سهر هاوكارییهكانیان و بهرنامه و پلانی دیكهشیان ههیه بۆ هاوكاریكردنی ههرێمی كوردستان.
به پێی ئاماری وهزارهتی تهندروستی ههرێمی كوردستان، كۆی تووشبوان لە ههرێمی كوردستان گهیشته ٤٠ کەس کە ٣٠یان لە پارێزگای سلێمانی بووه و لەو ژمارەیەش یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و هەشت تووشبووش لە پارێزگای هەولێر و تووشبوویەکیش لە پارێزگای هەڵەبجەیە.
ژمارەی ئەو کەسانەی دوای تووشبوونیشیان بە ڤایرۆسەکە بەتەواوی چاکبووەتەوە گەیشتووهته ١٣ کەس و رهوانهی ماڵهوه كراونهتهوه.
بەئامانجی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ماوەی چەند رۆژێکە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە شارەکانی ھەولێر، سلێمانی و دهۆک راگەیەندراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین رێکاری تەندروستی گرتووەتەبەر.