Heman Hussein Yaseen
05 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، پێنجی نیسانی ٢٠٢١ بەبۆنەی ٣٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر بڕیاری ٦٨٨ و دابینکردنی ناوچەی ئارام یان دژەفڕین، شەقامێک بەناوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، جۆن مێجەر و شەقامێک بەناوی نەوای ئارام کران.
بە ئامادەبوونی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی و کۆنسولی بەریتانیا لە ھەولێر، جەیمس سۆرنتن شەقامێک بەناوی جۆن مێجەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کرا، بەرامبەر رۆڵی ئەو لە دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و ھەرێمی نەفڕین کە ئەمڕۆ ٣٠ ساڵ بەسەر دەرکردنی ئەو بڕیارە تێدەپەڕێت.
لە رێورەسمێکدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەشکری پێشووتری عێراق بە دڕندەترین شێوە ھەوڵی پاکتاوکردن و لەنێوبردنی سەرھەڵدانی شیعەکان لە باشووری عێراق و گەلی کوردستانیدا، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانییەکی زۆری خەڵکی کوردستان، خەڵک لە شوێنی خۆی ئارامی نەگرت و رووی لە چیاکان کرد کە ئەوکات تەنیا چیاکان دۆست و ھاوڕێمان بوون، بەھۆی ئەوەی کە زیاتر لە چوار ھەزار گوند و لادێ وێران کرابوون، خەڵک کە کۆڕەوی کرد لە ھیچ شوێنێک نەحەسانەوە، چونکە ھەمووی وێران بووبوو، کۆڕەوی ملیۆنیش بووە وەرچەرخانێک لە مێژووی گەلەکەمان".
سەفین دزەیی هەروەرها گوتی: "راستە خەباتی بێوچانی گەلەکەمان لە سەرەتای سەدەی بیستەم تا ئەمڕۆکەش بەشێوازی جیا جیا لە شاخ و لە شار، خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلەکەمان بێوێنە بووە، بەڵام کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیھان ھەژاند، ھەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بێتە دەنگ، ئەوە بوو لە فەڕەنسا سەرۆکی کۆچکردوو فرانسوا میتران و لە بەریتانیاش سەرۆکوەزیران، جۆن مێجەر ھەموو ھەوڵی خۆیاندا کە بڕیاری ٦٨٨ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەربکرێت".
لە رێورەسمێکی دیکەیشدا، بەئامادەبوونی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی و کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، ھاکان کاراچای و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، رۆب وواڵەر و جێگری کۆنسولی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان، پاتریس شەقامێکی ھەولێر بەناوی نەوای ئارام ناونرا.
لە رێورەسمەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "ئەمڕۆ یادی ٣٠ ساڵەی راگەیاندنی ناوچەی ئارام و دژەفڕین دەکەینەوە، بێگومان لەو بڕیارەدا فەڕەنسا رۆڵێکی باشی گێڕا، بەریتانیا پاڵپشتی کرد و ئەمریکاش بڕیاری لەسەردا بۆ راگەیاندنی بڕیاری دژەفڕین لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بەچاویخۆمان بینیمان کە کەسوکارەکانمان دەکوژران و بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی ھێرش دەکرایە سەر ھاووڵاتییان، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ماوەیەک بوو شەڕی نێوان عێراق و ئێران وەستابوو، بۆیە ئەو مینانەشی کە لەسەر رێگاکان ھەبوون بوون بەھۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس و تا ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانەوە دەناڵێنن، ھەر بۆیەش ئەمڕۆ شەقامێک بەناوی نەوای ئارام ناودەنێین".
سەفین دزەیی گوتیشی: "راستە ئەو بڕیارە گشتگیربوو بە بابەتی مرۆیی و مافی مرۆڤ و راگرتنی پاکتاوکردن و ستەم لەلایەن رژێمەوە، بەڵام دواتر بووە بەردی بناخە بۆ فراونکردنی کارەکانیان لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، لەشکری چەندین وڵات روویان لە کوردستان کرد بۆ ئەوەی ئارامی ئەو ناوچانە بپارێزن و وردە وردە خەڵکەکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی".
سەفین دزەیی باسی لەوەشکرد، "ئەو بارودۆخەی لە کوردستان ھاتووەتە ئاراوە، بەئاسانی نەبووە، ھەمیشە مەترسیی لەسەرە، بۆیە ھاوپەیمانان ئەو وڵاتانەی کە ھاوکار بوون، پێویستە لە قۆناخی داھاتووش ھاوکارمان بن، پێویستە ئەو دەستکەوتانە بپارێزن، ئەمڕۆ کوردستان بووەتە نموونەی پێکەوەژیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان بووەتە نوایەکی ئارام بۆ خەڵکی عێراق، لە کاتی ھێرشی داعش دوو ملیۆن عێراقی بە ھەموو پێکھاتە جیا جیاکانەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، ئەمڕۆش نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەناھەندە لە ھەرێمی کوردستان بە ئازادی ژیان بەسەر دەبەن".
کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، ھاکان کاراچای ئاماژەی بە رووداوەکان کرد کە ئەوکات بڕیاری راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین بڕیارێکی باش بوو بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە ھێرش و پەلامارەکان بپارێزرێن.
دواتر کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، رۆب وواڵەر گوتی: "دەمەوێت سوپاسی تایبەت و پێزانینم بۆ ئەو وڵاتانە بنێرم کە نوێنەریان لێرە ئامادەیە ئەمڕۆ، بۆ بەشداری و رۆڵی پڕ بەھایان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بریتین لە ھەریەک لە ئوسترالیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ھۆڵەندا، ئیسپانیا، تورکیا، کەنەداو و بەریتانیا. بە ھەمان شێوە دەمەوێت سوپاسی ئەو خۆبەخشە مرۆییانەش بکەم کە رۆڵی سەرەکیان لە ھاوپەیمانییەکەدا بینی".
رۆب وواڵەر گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ناوچەی ئارام گەورەترین و ھەرە سەرکەوتووترین ھەوڵی مرۆییە لە مێژوودا، ھەروەھا نموونەیەکە لەوەی کە دەتوانرێت چ بکرێت کاتێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی یەکدەگرێت بۆ پاراستن و بەدەمەوەچوونی ئەو کۆمەڵگایانەی کەوتوونەتە بەردەم ھەڕەشەی دوژمنکاری و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی، جێی خۆیەتی یادی ئەو بۆنەیە بکەینەوە. بەیەکەوە خواردن و پاراستنمان بۆ گەلی کورد دابین کرد و ژیانی ھەزاران کەسمان پاراست".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر ئاماژەی بە پڕۆسەکە کرد و رایگەیاند کە ھەروەک چۆن ھاوپەیمانان پێویست دەکات شانازی بکەن بەوەی کە بەیەکەوە بەدەستیان ھێناوە، ھەروەھا بەو ھاوشانییەی کە لەو کاتەوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دروست بووە، بە ھەمان شێوەش خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش پێویست دەکات شانازی بکەن بەوەی کە بەسەرچیدا زاڵ بوون و چۆن نەھامەتیان چەشتووە، ھەروەھا چیان بونیادناوە.
لە ساڵی ١٩٩١ لە ئەنجامی درێژەدانی سوپای بەعس بە ھێرشەکانی بۆسەر گەلی کوردستان وایکرد، فەڕەنسا و دوو ھاوپەیمانە رۆژئاواییەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی (بەریتانیا و ئەمریکا) بڕیاربدەن ناوچەی دژەفڕین بەسەر ھەرێمی کوردستاندا رابگەیێنن.
بڕیاری ٦٨٨ چەترێکی دابینکەری ئاسایش و سەقامگیری بوو، سەدان ھەزار ھاووڵاتیی لەژێریدا حەسانەوە، پاراستنی کورد لە ھەڕەشەی دەستی سەدام حوسێن تا ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو و لەو ساڵەیشدا ئەمریکا و بەریتانیا و چەند ھاوپەیمانێکیان کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەعس ھێنا.
شەقامی جۆن مێجەر دەکەوێتە پشت گوڵان تاوەر و شەقامی نەوای ئارام دەکەوێتە تەنیشت منارەی چۆڵی لە شاری هەولێر.