Hawkar Yaseen
05 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2021
هەولێر AA
لە هەولێر لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەردەوامی بازگەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان بۆ پابەندکردنی هاووڵاتییان بە بەستن و بەکارهێنانی ماسکەوە دادەنرێت و هەرکەسیش پابەند نەبێت بە بڕیاری بەستنی زۆرەملێی ماسکەوە، بڕی ٢٠ هەزار دینار سزا دەدرێت.
قایمقامی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەستنی ماسک لەلایەن هاووڵاتییان، ئێستا بەشێوەیەکی گشتی پابەندبوونی هاووڵاتییان لە هەولێر لە ئاستێکی باشدایە، هەرکەسێکیش پابەند نەبێت بەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆوە سزادەدرێت".
بەپێی بەیانی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی ٣٠ ئاداری رابردوو بڵاوکرایەوە و تا ١٠ی نیسان کاری پێدەکرێت، هەر کەسێک لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان رەچاوی بەستنی ماسک نەکات بەبڕی ٢٠ هەزار دینار پێبژاردن دەدات.
هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبیلەکانیش بە هەموو جۆرەکانییەوە (تایبەت، کرێ و بارهەڵگر) لەکاتی هەبوونی سەرنشین تیایدا پێویستە شۆفێر و سەرنشینەکانی ماسک ببەستن، بە پێچەوانەوە بۆ هەر سەرنشینێک کە ماسکی نەبەستبێت شۆفێرەکە بڕی ٢٠ هەزار دینار سزا دەدرێت.