Rewa Mahmood Hasan
05 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2021
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی رایگەیاند کە لە سلێمانی خواستێکی زۆر هەیە لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی تایبەت بە کۆرۆنا.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بەشێکی نوێ بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە بینای کۆنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کرایەوە.
لەو کلینیکی راوێژکاریەدا، پشکنینی کۆرۆنا بەهەردوو جۆری PCR و پشکنینی خوێن ئەنجام دەدرێت.
لە مەراسیمی کردنەوەکەی بەشی نوێ پشکنینی کۆرۆنا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخست و تیایدا باسی لە گرنگی کلینیکە راوێژکاریەکە و چەند پرسێکی تر کرد.
سەباح هەورامی گوتی: ''ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی کلینیکێکی تازەی پشکنینی کۆرۆنا لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەی کۆنی فریاکەوتنی سلێمانی تەنیشت بینای زانکۆ".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی داوای لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی کرد کە هەرکات هەستیان بەنیشانەکانی کۆرۆنا کرد، دەستبەجێ رووبکەنە ناوەندەکانی پشکنینی کۆرۆنا و گوتی: ''داوا لە هاووڵاتییان دەکەم تاوەکو ڤاکسینی تەواو دەگاتە دەستمان، ئەم ماوەیە هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و بەدووربن لە قەرەباڵغی، بۆئەوەی قۆناغەکە بەبێ زیان تێپەڕێنین".
سەباح هەورامی هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەکان، پارێزگا و قایمقامیەتی سلێمانی کرد کە رێکارەکان بە شێلگیرانەتر جێبەجێ بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەهۆکاری خۆبەدوورگرتنی هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، گوتی: ''ئێمە لە پارێزگای سلێمانی، رێژەیەکی زۆر باشمان بەکارهێناوە لەو ڤاکسینە، خواستێکی زۆری لەسەرە، پێشبینی دەکەم ئەو بڕەی هاتووە وەک پێویست نەمێنێت، تاوەکو هاووڵاتییان لەخۆیانی بدەن، چونکە دامودەزگاکان داواکاریەکی زۆریان پێشکەشکردووە بۆ دابینکردنی ڤاکسینەکە بۆیان، بەڵام راستە خەڵک هەیە ناوێرێت بەکاریبهێنێت".
سەباح هەورامی لەبارەی رێنماییەکانی وەک پزیشکێک بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بەدووردەگرن لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە گوتی: ''لێرەوە حەزدەکەم روونکردنەوە بدەم لەسەر ئەوە، پرسی ڤاکسین ئەگەر ئەورووپا بەنموونە وەربگرین، ١٨ ملیۆن لەو ڤاکسینە (AstraZeneca)ی بەکارهێناوە، ٧٠ کەس تووشی کێشەبوون، بەڵام هەموو دەرمانێک لە دنیادا کە بەکاردەهێنرێت، لایەنی باشە و خراپەشی هەیە، بەڵام هەمووکات زاناکان بیر لەو باڵانسە دەکەنەوە، ئایا سوودەکانی زیاتر یان زیانەکانی، بۆ نموونە داتا هەیە کە لە کۆی ١٨ ملیۆن کەس کە ڤاکسینەکە (AstraZeneca)یان بۆ بەکارهێنراوە، تەنیا ٧٠ کەس رووبەڕووی کێشە بۆتەوە، باشە ئەگەر ١٨ ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بێت چی کارەساتێک روو دەدات. بۆیە هەموو ڤاکسینێک بەگشتی، سوودێکی زۆر باشی هەیە، ئەمەش تاکە رێگەی سەرکەوتنە بەسەر کۆرۆنادا. لەوانەیە هەندیک کەس هەستیار بن بەو دەرمانەی لە ڤاکسینەکەدا بەکارهاتووە".