Rawan Subhi Obaiullah
08 شوبات 2026•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2026
دهۆک - AA
بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین کە شەوی ڕابردوو سنووری پارێزگای دهۆکی گرتەوە، لە چەند ناوچەیەک بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، لافاو دروست بوو و زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان گەیاند.
بەپێی ئامارەکانی هۆبەی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک، له ماوه ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو دا، ناحیەی دینارتە بە تۆمارکردنی ٨٦.٧ ملم باران، بەرزترین ڕێژەی لەسەر ئاستی پارێزگاکە هەبووە، دوای ئەویش ناوچەکانی ئەترۆش و بجیل بە ٨٢ ملم باران، لە پلەی دووەمی ئەو ناوچانە هاتوون کە زۆرترین بارانیان لێ باریوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و دروستبوونی لافاو، قایمقامی قەزای شێخان سەردار شێخ یەحیا ڕایگەیاند: "دوێنی شهو لە نێوان کاتژمێر یەک بۆ سێ، زیاتر لە ٧٠ ملم باران له شێخان باریوە، ئەم ڕێژە زۆرەی باران لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو بەتایبەت لە گەڕەکی مشەختی، کە بەهۆی نزمی شوێنەکەیەوە ئاستی ئاو تێیدا بەرزبووەتەوە و لافاو چووەتە ناو چەندین خانووی هاووڵاتیان و زیانی ماددی پێ گەیاندوون".
قایمقامی شێخان ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان پێکهێنراوە و گوتی: "بەپێی دەستووری عێراق و یاسا بەرکارەکان، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە، چونکە لافاو و کارەساتە سرووشتییەکانی وەک بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەتدان بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی زیانمەند".
بەپێی ئامارەکانی کەشناسی، ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی تری پارێزگاکە بەم شێوەیە بووە؛ لە ئاکرێ ٦٣.٦ ملم، لە زاویتە ٥٤ ملم، لە سەنتەری شاری دهۆک ٣٢.٧ ملم، لە ئامێدی ٢٨ ملم و لە بەردەڕەش ٢٦.٥ ملم باران باریوە.
لە ئێستاشدا سەرجەم تیمەکانی فریاکەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە و هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە.