Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
20 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2016
لە ئەنجامی باران بارینێکی زۆر و ھەڵسانی لافاو لە شارۆچکەی یوکسێکۆڤای سەر بە ھەکاری ٨٠٠ سەر مەڕ بەھۆی لافاوەوە لەناوچوون.
بەپێی زانیارییەكان، دانیشتوانی شارەدێی بویکچفلیکی سەر بە شارۆچکەکە بەمەبەستی لەوەڕاندن، مەڕ و ماڵاتەکانیان ھێناوەتە نزیک رووباری دۆلان. بەڵام بەھۆی باران بارینێکی زۆر لە ناوچەکەدا ٨٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی تایبەت بە ٤٠ خێزان بەھۆی لافاوەوە ژێر ئاو كەوتن و لەناوچوون.
موختاری شارەدێی بویکچفلیک مەجید گولەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە رووداوەکە لەکاتی شەو روویداوە و بەو ھۆیەشەوە مەڕ و ماڵاتێکی زۆر لەناوچوون کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکەیە.
گوتیشی: "لە دوای رووداوەکە ھاتینە ناوچەکە و کارەساتێکمان بینی، گشت مەڕەکانمان لەناوچووبوون. ئێمە سەرچاوەی بژێوی ژیانمان ئاژەڵدارییە. زۆربەی خەڵکی گوند لە شوێنی رووداوەکەیە و لەدوای ئاژەڵەکانیان دەگەڕێن. نزیکەی ٨٠٠ سەر مەڕ لەناوچوون و ٣٠٠ دانەش زیانیان بەرکەوتووە".