عێراق و فەڕەنسا ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوانیان لە بواری بەرگرییدا تاوتوێ کرد
- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان نۆئێل بارۆت ڕایگەیاند کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم دۆخە ھەستیارەدا، زیاتر پاڵپشتی عێراق بکات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم دۆخە ھەستیارەدا، زیاتر پاڵپشتی عێراق بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان نۆئێل بارۆت.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێکراون.
محەمەد شیاع سوودانی لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق چەندین بەرپرسیارێتی لە بری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەستۆ گرتووە بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستدارە بە گواستنەوەی تیرۆریستە زیندانیکراوەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق و گوتوویەتی: " پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم دۆخە ھەستیارەدا، زیاتر پاڵپشتی عێراق بکات".
باسی لەوەشکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا داوای لە وڵاتان کردووە، لەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان لە وەرگرتنەوەی ئەو ھاووڵاتییە دەستگیرکراوەکانی خۆیان لە ئەستۆ بگرن کە لە رێزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش چەکدارن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە دیدارەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر بەردەوامی ھاریکارییەکانی عێراق لەگەڵ فەڕەنسا، بەتایبەتیش لە بواری پەرەپێدان بە توانای بەرگریی عێراق.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق پاڵپشتی لە ئەنجامدانی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان نۆئێل بارۆت ستایشی ھەوڵەکانی محەمەد شیاع سوودانی کردووە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا جەختی لەوەکردووەتەوە کە کۆمپانیا فەڕەنسییەکان خواستیان ھەیە بۆ کاری وەبەرھێنان ڕوو لە عێراق بکەن و گوتوویەتی: "لەئیستادا ٢٠ کۆمپانیای فەڕەنسا لە کەرتە جیاوازەکاندا بەشدارن لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا".
باسی لەوەش کردووە کە ژان نۆئێل بارۆت خواستی فەڕەنسای نیشانداوە بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ عێراق ل پێناو سەقامگیری ناوچەکە و ھەماھەنگی ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆر، ھەروەھا ڕۆڵی حکوومەتی عێراقی بەرز نرخاندووە لەوەی ڕێگای داوە تیرۆریستە زیندانیکراوەکانی داعش لە سووریا بگوازرێنەوە بۆ عێراق و ڕایگەیاندووە کە ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی عێراق، دەبێتە مایەی بەدیھێنانی ئاسایشی ناوچەکە.
ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان نۆئێل بارۆت لە دووەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە لە سووریاوە گەیشتە عێراق.
