Rewa Mahmood Hasan
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
پێنجوێن - AA
لە سنووری قەزای پێنجوێن دەست بەسەر ٢٠ کیلۆگرام زێڕی قاچاخدا دەگیرێت کە لە ئێرانەوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان.
فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنووری سلێمانی، عەمید فەخرەددین عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٠ی ئاب سەعات ١٠، کەسێک لە گوندی وێنە سەربە قەزای پێنجوێن دەستگیر کرا کە لە خاکی ئێرانەوە ٢٠ کیلۆگرام زێڕی قاچاخی هێنابووە سنوورەکە.
عەمید فەخرەددین ئاماژەی بەوە دا کە هاووڵاتییەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانە و بەنیازبووە زێڕە قاچاغەکە بەرێتە سلێمانی و لەئێستادا ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ زێڕەکاندا رادەستی یاسا کراوە.
فەرماندەی لیوای پاسەوانی سنووری سلێمانی ئاماژەی بەوەیش دا کە لە ماوەکانی پێشوودا هەمان حاڵەت روویداوە و کەسانی بەقاچاغبەر رادەستی یاسا کراون.