Hawkar Yaseen
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2020
هەولێر AA
دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە دەربارەی ئەو نووسراوانەی حکوومەت کە لە میدیا و سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیان تۆمەتبار کردووە بە گەندەڵی و دامەزراندنی نایاسایی.
لە روونکردنەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە "ئەو تۆمەتانە رەت دەکەینەوە و ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە، بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە هیچ ئاگادارییەکیان لە بارەی یاسا و دامەزراندنی حکومییەوە نییە ئەگینا نەدەکەوتنە ناو ئەو هەڵە زەقەوە".
دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاندووە "بەپێی پەیڕەوی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر یەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی پێویست بۆیان هەیە چەند راوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ راییکردنی کارەکانیان، لەم کابینەیەدا دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنها لە کاتی پێویستیدا فەرمانبەر دادەمەزرێت".
دەربارەی پۆستەکانی بریکاری وەزیریش کە پڕکراونەتەوە روونکردنەوەکە باسی لەوە کردووە کە پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ (شاغر) بوون، بۆیە پێویست بوو پڕ بکرێنەوە".
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها رایگەیاندووە "هيوادارين دەزگاکانی راگەیاندن پیشەییانە مامەڵە بکەن و لە پێناو مەبەستی تایبەتیدا، چەواشەکاریی نەکەن".
دەقی روونکردنەوەکەی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران:
لە چەند سایتێکدا هەندێک نووسراوی حکومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە ! . بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە هیچ ئاگادارییەکیان لە بارەی یاسا و دامەزراندنی حکومییەوە نییە ئەگینا نەدەکەوتنە ناو ئەو هەڵە زەقەوە. ئێمە لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەت دەکەینەوە ، بە پێویستیشی دەزانین ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە :
يەکەم : ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە .
دووەم: بە پێی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران ، هەر یەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، بە پێی پێویست بۆیان هەیە چەند ڕاوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان .
سێیەم : پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە ، لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ ( شاغر ) بوون ، بۆیە پێویست بوو پڕ بکرێنەوە.
چوارەم : لەم کابینەیەدا ، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا فەرمانبەر دادەمەزرێت.
پێنجەم: کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بابەتی فەرمانبەری پلەباڵای ( معوم)ە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی پلە باڵاکان لە میلاکی گشتیدا.
هيوادارين دەزگاکانی ڕاگەیاندن پیشەییانە مامەڵە بکەن و لە پێناو مەبەستی تایبەتیدا، چەواشەکاریی نەکەن.
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
2020/8/10