Hawkar Yaseen
08 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2020
هەولێر AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرەکانی پرسی پەیرەوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، سیستمی بایۆمەتری و گەڕانەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەم کۆبوونەوەیەدا، وەرەقەیەکی نوێی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پەسەند دەکرێت کە شاندی هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەیاندا بۆ بەغدا لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند بکەن، وەرەقەکە پێشتر ئامادەکراوە و لەم کۆبوونەوەیەدا پەسەند دەکرێت.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەیش شاندی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکانیان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بۆ پەسەندکردنی ئەو پەیڕەوانەیە کە رۆژی شەشی تەمووز لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی پێشنیاز کراون و ئەمڕۆ دەنگیان لەسەر دەدرێت.
پەیرەوەکانیش بریتین لە پرۆژەی پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرۆژەی پەیڕەوی مەرجەکانی دامەزراندنی پلە باڵاکان لە هەرێمی کوردستان.
دەستکردن بە کارکردن بە داتاکانی سیستمی بایۆمەتریش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت چونکە بەپێی ئامارەکانی بایۆمەتری، 106 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستاندا لە مووچەیەک زیاتر وەردەگرن.
گیروگرفتەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ و ساغنەبوونەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان بەشێکی دیکە دەبن لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و دەربارەی هەموو ئەو تەوەرانەیش بڕیاری پێویست دەدرێت.