Hawkar Yaseen
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر شێواز و میکانیزمی دەست پێ کردنی خوێندنی ئەمساڵ کۆدەبێتەوە و بڕیار لە میکانیزمێک دەدرێت.
لەم بارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 38 لە کاتژمێر 10:30ی پێشنیوەڕۆ بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاند کە کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی بابەتی دەست پێ کردنی (ساڵی خوێندنی نوێی 2020- 2021) لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و خوێندنی باڵا و گفتوگۆکردنی ئەگەر و پێشنیارەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرۆژە و پێشنیازێکی لەبەردەستە بۆ دەست پێ کردنی خوێندنی ئەمساڵ، پێشتر وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەجیا پێشنیازەکانی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە و لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و تەندروستی و ناوخۆدا چەند پێشنیازێکی دیکە ئامادەکراون و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا هەمووی تاوتوێ دەکرێت و بڕیار لە باشترینیان دەدرێت.
لە پرۆژەکەی وەزارەتی پەروەردەدا، سیستمی سێ رۆژی و سیستمی خوێندنی ئۆنلاین لە دیارترین پێشنیازەکانیانە.
وەزارەتی خوێندنی باڵاش چەند پێشنیازێکی خستووەتە بەردەستی ئەنجوومەنی وەزیران کە دیارترینیان سیستمی خوێندنی تێکەڵە، واتە ئەو بەشانەی خوێندی پراکتیکی و تاقیگەییان هەیە لە کەمپەکان دەوام بکەن ئەوانەیشی کە خوێندیان تیۆرییە بە شێوازی ئۆنلاین وانەکان بخوێنن.
یەکێکی دیکەیش لە پێشنیازەکان پەیڕەوکردنی سیستمی میواندارییە لەنێوان زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ هەمان بەش و کۆلێژ تەنها بۆ ئەمساڵ.