Ozhin Jola
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا لە گوندی چەخماخەی قەزای دووبز, پێکهێنانی یەکەم فەوجی حەشدی کوردی سەربە میحوەری باکووری حەشدی شەعبی راگەیاندرا کە لە ١٢٠ ھاووڵاتی کەرکووک پێکھاتوون .
سەرپەریشتیاری فەوجی حەشدی کوردی، ئەدھەم جومعە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوتی: "ئەمڕۆ دامەزاندنی یەکەم حەشدی کوردی راگەیەندرا و ئامانج لەم ھێزەش پاراستنی خەڵکی ناوچەکەیە بەتایبەت گوندە کوردییەکانە کە خۆیان بپارێزن لەدەستی تیرۆرستانی داعش".
ئەدھەم جومعە لەبارەی دروستکردنی ئەم ھێزە گوتیشی: " دروستکردنی ئەم ھێزە بۆ ململانی نییە لەگەڵ ھیچ حزب و لایەنێک, بەڵکو ئامانج لێی پاراستنی دانیشتوانی ناوچە کوردییەکانە کە لە چەند مانگی رابردوودا چەندین ھێرشیان کراوەتە سەر".
لەلای خۆشیەوە راوێژکاریی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی، عەدنان نەجارئوغڵو لەسەر دروستکردنی فەوجی حەشدی کوردی بەئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند کە "دەمێکە سەرقاڵی دروستکردنی ھێزێکن بۆ ھاووڵاتیانی کورد لەنێو حەشدی شەعبیدا, چونکە ئەوە مافێکی نەتەوەیی کوردە و ھیچ منەتێکی تێدا نییە".
عەدنان نەجارئوغڵو ھەر لەمبارەیەوە گوتیشی: " ئاستەنگ و کێشەی زۆر ھەبووە لەبەردەم دروستکردنی ئەم ھێزە, بەڵام ئێمە کار بۆ گەورەکردن و زیادبوونی رێژەی کورد دەکەین لەنێو ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەرکی مووچە و ئیمتیازاتی حەشدی کوردی ھاوشێوەی ھێزەکانی دیکەی حەشدی شەعبی دەبێت .
عەدنان نەجار ئەوەشی خستەڕوو کە بوونی حەشدی شەعبی لەنێو شار و شارۆچەکەکاندا گرنگی تایبەتی ھەیە, چونکە حەشد لەخەڵکی ناوچەکە پێک دێن, جیاواز لەھێزە عێراقییەکان کە خەڵکی باشوور و ناوەڕاستنی عێراقن و دەوامیان لەکەرکووکە .
فەوجی حەشدی کوردی لە ١٢٠ چەکدار پێکدێت و گوندی چەخماخە بارەگای سەرەکی فەوجەکەیە کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کەرکووک و بەردەوام مەترسی کردەوەی تیرۆرستی لەو ناوچەیە ھەبووە و لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ١٢ کەس لەدانیشتوانی گوندی چەخماخە بەدەستی چەکدارانی داعش کوژراون و بەھۆیەوە چەندین خێزان گوندەکەیان جێھێشتووە .