Zana Natık Kerem
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی، کۆبوونەوەی دانوستانی ھاوبەشی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەتی لەگەڵ حکوومەتی فیدرال و لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەریەک لە مستەفا کازمی و محەمەد حەلبوسی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی دانوستانی ھاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدرال، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسایی پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) کە لە مانگی رابردوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردراوە لەگەڵ میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کراوە، بەشێوەیەک رەچاوی دادپەروەریی بکرێت لە دابەشکردنی شایستە داراییەکان بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق.
پێشتر گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەمیر ھەورامی رایگەیاندبوو کە دوای ئەمڕۆ شەممە، شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبونەوەی لووتکە لەبەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنییەتی رێککەوتن لەنێوان ھەرێم و بەغدا، ئەنجام دەدات.
سەمیر ھەورامی ئەوەشی گوتبوو: "شاندی ھەرێم ھەوڵی زامنکردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای کورتھێنانی قەرزدا دەدات".
لەکۆبوونەوەکانی پێشوودا، لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە "ئامادەین رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و دارایی بکەین و ئەوەی لەسەر حکوومەتی ھەرێمە، بەپێی یاسا و دەستوور جێبەجێی دەکەین، لەبەرامبەردا دەبێت ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم دیاری بکرێت و بدرێت".
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی ماوەی چەند رۆژێکە بەمەبەستی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە بەغدایە و تا ئێستا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.