Heman Hussein Yaseen
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٨٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و ٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٠٠ ھەزار و ١٢٩ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە سێ ھەزار و ٢٨٢ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیاندراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، دوو ھەزار و ٦٦٤ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ھاوکات ١٨٣ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، چوار تووشبوو، سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
پارێزگای سلێمانی، ٢٧ تووشبوو، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان
پارێزگای دھۆک، ١٣٣ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان
پارێزگای ھەڵەبجە، دوو تووشبوو
ئیدارەی گەرمیان، ١٧ تووشبوو
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٥٩ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٨٦٣ ھەزار و ١٩٧ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٠ ھەزار و ١٢٩ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٢٨٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن