Heman Hussein Yaseen
10 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٨ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) و شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٠٤ ھەزار و ٤٠٢ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە سێ ھەزار و ٤٢٤ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩)ی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی سێ ھەزار و ٧٥٧ پشکنین، ٦٨ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات لەو ژمارەیەش شەش کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر، ١١ حاڵەت، سلێمانی ٣٥ حاڵەت، دھۆک ٢٠ حاڵەت و، ئیدارەی گەرمیان دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات شەش حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراون کە دووانییان لە پارێزگای ھەولێر، دووانی دیکەیش لە پارێزگای سلێمانی و یەک حاڵەتیش لە پارێزگای دھۆک و یەک حاڵەتیش لە ئیدارەی گەرمیان بووە.
لە بەشێکی راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٦٨ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانییان.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٤ ھەزار و ٤٠٢ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٤٢٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن