Heman Hussein Yaseen
10 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٠٨ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٧ی دیکەیش بەھۆی ڤایرۆسەکەووە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٠٨ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢٧٨ کەس لە ھەولێر، ٩٧ لە سلێمانی، ٢١ لە گەرمیان، ٦٢ راپەڕین، ٣٢ لە دھۆک و ١٨ کەسیش لە ھەڵەبجە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەیشی خستوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، گیانیان لەدەستداوە بریتیین لە ١٧ کەس و لەو ژمارەیەش ١٣ لە ھەولێر، دوو لە سلێمانی، یەک لە گەرمیان و یەک لە دھۆک.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ ھەزار و ٣٥ پشکنینی نوێ بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و ١٦٦ کەسیش چاکبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە بریتییە لە ٢٢٩ ھەزار و ٢١٧ پشکنین و تا ئێستاش ١٧ ھەزار و ٥٤٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ١٠ ھەزار و ٣٠٩ کەسیش دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانییان، شەش ھەزار و ٦٨١ کەسیش لە نەخۆشەخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و بەکۆی گشتیش تا ئێستا ٦٥٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.