Aras Huseyin
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
زاخۆ - AA
ئەمڕۆ شەممە لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێکارەکانی خۆ پارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھیچ رێورەسمێک بۆ کردنەوەی ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ بەرێوەنەچوو و کارمەندان بە ئاسایی دەست بە کاربوون.
ھەر ئەمرۆ ھاوڵاتییانی دانیشتوی قەزای زاخۆ مامەڵەکیان بۆ وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لەو ناوەندە پێشکەشکرد.
ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ دەبێتە چوارەم ناوەند بۆ وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و قەزای زاخۆ بووە یەکەم شارۆچکە کە ئەو ناوەندەی تیایدا کرایەوە و ئەمەش دەگەرێتەوە بو گرنگی جوگرافیایی ئەو قەزایە کە ھاوسنوورە لە گەڵ وڵاتی تورکیا و خاوەنی دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل-ە کە گرنگترین دەروازەی سنوورییە لە نێوان وەڵاتی تورکیا و عێراقدا .
کردنەوەی ئەم ناوەندە، ھاوڵاتییانی قەزای زاخو دڵخوش کردەوە و بە گوتەی ئەوان ئەم ناوەندە کارئاسانی بو ئەوان دەکات و لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس لە قەزای زاخۆ، ئەکرەم گولی قسەی بو ئاژانسی ئەنادۆڵو کرد و گوتی: "کردنەوەی ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ جگەلەوەی کە کارئاسانی بو ھاوڵاتییان دروست دەکات و رێگاکانی کورتتر دەکات و لە بری ئەوەی ھاوڵاتییان سەردانی دھۆک بکەن بو وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ مامەڵەکانیان پێشکەش بەو ناوەندە دەکەن و گرنگیێکی بازرگانیشی ھەیە بو قەزای زاخۆ".
ئەکرەم گولی گوتیشی: "ھەموو ئەو بازرگانییەی لە نێوان تورکیا و عێراقدا دەکرێت لە رێگای زاخۆوەیە چونکە دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل کە لە قەزای زاخۆیە، یەکەم دەروازەیە بو بازرگانیکردنی نێوان ھەردوو وڵات و ھاوڵاتییانی زاخۆش زۆر سەردانی تورکیا دەکەن بویە ئەم ئاسانکاریيە دەبێتە ھوی ئەوەی کە جوڵەی بازرگانی لە زاخۆ زیاتر ببێت ".
ھاوڵاتییەکی قەزای زاخۆ کە سەردانی ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ کردبوو و بۆ وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بە ناوی بارزان حەسەن ئیبراھیم بو ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی :" پێشتر کە داوای ڤیزامان دەکرد دەبوایە دوو جار سەردانی دھۆک بکەین جارێک بو پێشکەشکردن و جارێکیش بو وەرگرتنی ڤیزا و ئەمەش زەحمەتی زووری دەویست، بویە کردنەوەی ئەم ناوەندە لە زاخۆ بو ئێمە گرنگە و کەمتر زەحمەتی ئابووری و مەعنەوی لە سەرمان دەکەوێت و ناخوشیەکانی رێگاش ئیتر نابینین".
کردنەوەی ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ بووەتە ھوی رەخساندنی دەرفاتی کار لەمبارەیەوە خاوەن دوکان لە نزیک ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا لە زاخۆ بە ناوی ھوگر عەبدولجەلیل عەبدولعەزیز بو ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: "وێرای گرنگی زۆری ئەم ناوەندە بو خەڵکی زاخۆ بە گشتیی بو ئێمە گرنگیێکی تایبەتی ھەیە چونکە بووەتە ھوی پەیداکردنی دەرفەتی کار بو ئێمە و چەندین ھاوڵاتی تر کە نەک تەنیا ئێمە بەڵکو خەڵکانێکی تریش سودی لێدەبینن چونکە ھەر دوکانێک پێویستی بە چەندین کارمەند دەبێت".
قەزای زاخۆ سەر بە پارێزگای دھۆکە و ژمارەی دانیشتوانەکەی، ٢٨٠ ھەزار کەسە و ئەمە جگەلەوەی ٧٠ ھەزار ئاوارە لەو قەزایە نیشتەجێن، و زاخۆ کە ھاوسنوورە لە گەڵ وڵاتی تورکیا و خاوەن دەروازەی سنوری ئیبراھیم خەلیل-ە کە زوربەی بازرگانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان و عێراقیش لە رێگای ئەو دەروازەیەوە ئەنجام دەدرێت .