Zana Natık Kerem
13 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری رایگەیاند کە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە، حەوت ملیار دۆلاری پێویستە.
نەجم جبوری لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمیی ئاماژەی بەوەداوە کە بەھۆی ئەو وێرانکارییەی کە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دژبە داعش بەر پارێزگای نەینەوا کەوتووە، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە، حەوت ملیار دۆلاری پێویستە.
پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کرد کە سوود لەو وەبەرھێنانە وەربگرێت کە لە ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە و باسی لەوەشکرد کە پابەندبوون بە بەڵێنەکان بەرامبەر بە ئاوارەکان، دەبێتە مایەی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان.
نەجم جبوری ئاماژەی بەوەیشدا کە لەئێستادا، پارێزگای نەینەوا لەسەر ئاستی ئەمنی لە باشترین پارێزگاکانی عێراقە.
بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ھێزە ئەمنییەکان دژبە داعش لە میانی کۆنترۆڵکردنەوەی بەشی راستی مووسڵ، زیان بەر ١٢ ھەزار خانوو لە ناوچەی مووسڵی کۆن کەوتووە.
بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە ژێرخانی گشتیی و تایبەت لە شاری مووسڵ بەھۆی داعشەوە بەڕێژی ٨٠ لەسەدا وێرانبووە.
پێشتر حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی کە بەھۆی شەڕەکانی دژبە داعش وێران بوون، پێویستیان بە ٨٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە.