Zana Natık Kerem
13 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزیری ناوخۆی عێراق، عوسمان غانمی گەیشتە قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە کە عوسمان غانمی گەیشتووەتە شنگال و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزاکەی بەسەرکردووەتەوە.
لیوا سەعد مەعن زانیاری زیاتری لەوبارەوە نەخستووتەڕوو.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای شنگال کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی (سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال) رایگەیاندبوو "چاوەڕوانین رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".
لە ماوەکانی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبووبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.