ژيان, عێراق

فریادڕەسەکەی چەمچەماڵ؛ ئەو پیاوەی چەند چرکەیەک پێش ڕووخانی دیواری قوتابخانە نزیکەی ٣٠ قوتابی ڕزگار کرد

- کەمال فەتاح تەوەکەلی: "کاتی لافاوەکە زیاتر لە ٣٠ منداڵ لە پاڵ دیواری قوتابخانە ڕاوەستابوون، هەموویانمان ڕزگار کرد و، لە کۆتا هەنگاوماندا دیوارەکە ڕووخا".

Hemin Othman Mohammed  | 10.12.2025 - نوێکردنەوە : 11.12.2025
فریادڕەسەکەی چەمچەماڵ؛ ئەو پیاوەی چەند چرکەیەک پێش ڕووخانی دیواری قوتابخانە نزیکەی ٣٠ قوتابی ڕزگار کرد

As Sulaymaniyah

سلێمانی – AA

بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی بەلێزمە و لافاوە گەورەکەی دوێنێ کە قەزای چەمچەماڵی گرتەوە، دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی ڕووخا. لە چرکەساتی ڕووداوەکەدا ژمارەیەک قوتابی لە نزیک دیوارەکە بوون، بەڵام پیاوێکی فریادڕەس بە ناوی کەمال فەتاح تەوەکەلی (٦١ ساڵ) بە خێرایی هاتە دەست و بووە فریادڕەسی نزیکەی ٣٠ قوتابی.

تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و، دیدارێکی لەگەڵ کەمال فەتاح تەوەکەلی ئەنجامدا، کە چرکەساتی ڕووخانی دیوارەکە لەلایەن کامێرای چاودێریی ماڵەکەیەوە تۆمار کراوە.

کەمال فەتاح تەوەکەلی کە خانەنشینە بە هاوکاری کوڕەکەی و خوشکەزایەکی توانی قوتابییەکان ڕزگار بکات، لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە ساتی ڕووداوەکە و ڕزگارکردنی قوتابییەکان کرد.

- "ئەگەر لەوێدا بماینایە، کەسمان بە سەلامەتی دەرنەدەچووین"

کەمال فەتاح تەوەکەلی ڕایگەیاند: "کاتی لافاوەکە من لە ماڵی خۆمدا بووم، تەماشام کرد پاڵ دیوارەکە پڕ بوو لە منداڵ. هێشتا دیوارەکە نەڕووخابوو. لە ماڵەوە دەرچووم و هەرچۆنێک بێت خۆم گەیاندە لای منداڵەکان. سەرەتا وا چووین منداڵەکانی خۆمان بهێنینەوە".

تەوەکەلی ئاماژەی بەوە کرد خوشکەزاکەی چووەتە سەر دیوارەکە و پێی ڕاگەیاندووە کە ناو قوتابخانەکە پڕ پڕە لە ئاو و، گوتی: "خێرا ئەوەم بەبیرداهات کە ئاوەکە ئەم دیوارەش دەخات و دەڕووخێت. خێرا ئەومان لەسەر دیوارەکە داگرت و، زیاتر لە ٣٠ منداڵ لە پاڵ دیوارەکەدا ڕاوەستابوون، هەموویانمان ڕزگار کرد و، لە کۆتا هەنگاوماندا دیوارەکە ڕووخا".

هەروەها تەوەکەلی جەختی لە مەترسیی لافاوەکە کردەوە و، گوتی: "ئەگەر لەوێدا بماینایە کەسمان بە سەلامەتی دەرنەدەچووین. سوپاس بۆ خودا کەس لەوێدا زیانی بەرنەکەوت و گشت منداڵەکانمان ڕزگار کرد".

سەبارەت بە دیمەنی ڕووخانی دیوارەکە کە لە کامێرای ماڵەکەی تۆمار کراوە، تەوەکەلی گوتی: "ئەمە ئەو دیمەنەیە کە هاتم منداڵەکانم دوورخستەوە. بە بۆچوونی خۆم گوتم ئەم دیوارە دەڕووخێت. ئەوە خۆمم دیارم لە دیمەنەکەدا، منداڵەکان هەموویان پاڵ دەنێم، هاوار لە هەموو خەڵکی دەکەم و دەیانگەڕێنمەوە نەیەنە ئەوێ. هەموو منداڵەکانمان خستە ئەو یاریگای تاتانەوە. سوپاس بۆ خودا هەموو ڕزگارمان بوو، خودا کردیە مێشکی منەوە کە ئەو منداڵانە ڕزگار بکەم".

تەوەکەلی هۆکاری کۆبوونەوەی ئاوەکەی بۆ چاڵێکی پشت دیوارەکە گەڕاندەوە و، ڕایگەیاند: "پشتی دیوارەکە وەک بەنداوێک بوو، هەر بینیم گوتم ئەم دیوارە دەڕووخێت. ئیدی کەوتمە هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی منداڵەکان. ئەگەر لانەچووینایە بە خۆشمەوە هەموو لەوێدا تیادەچووین".

- کۆچەر کەمال: "لە کاتی ڕووخانی دیوارەکەدا هێز و توانام تێدا نەما"

کۆچەر کەمال (٣٧ ساڵ)، کوڕی کەمال فەتاح، کە بەشداری پرۆسەی ڕزگارکردنی قوتابیەکان بوو، باسی ساتی ڕووداوەکەی کرد و، گوتی: "ئەم سێ منداڵەم بەدەستمەوە بوو کاتێک کە هاتمە دەرەوە، ئەمەیانم دایە دەست کەسێک و ئەم دووانەم بەدەستەوە مایەوە، لەو کاتەدا دیوارەکە ڕووخا، ئیتر هێز و توانام تێدا نەما، یەکێک لە منداڵەکان ئاوەکە بردی لەدەستم و کوڕێکی دراوسێمان گرتبوویەوە، بەس ئەوی دیکەیانم هەر بەدەستەوە بوو".

کۆچەر ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی ڕزگارکردنی منداڵەکان و چوونی بۆ ناو قوتابخانەکە ئەژنۆی زەبری بەرکەوتووە، چونکە بۆ ئەوەی دەرگای قوتابخانەکە دانەخرێت، ئەژنۆی خستووەتە بەر دەرگاکە و، گوتی: "ڕاستە منداڵی خۆمانی تێدا بوو، بەڵام منداڵی ئەو خەڵکەش بە منداڵی خۆمان دەزانین، بۆیە بەبێ جیاوازی هەموویمان ڕزگار کرد. وازمان لە منداڵەکانی خۆمان هێناو بوو. منداڵی خەڵکی دیکەمان ڕزگار دەکرد".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın