جيهان, ژيان, عێراق

سەرکەوت دوای لەدەستدانی قاچەکانی بووەتە فریادڕەسی هەزاران کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت

Hemin Othman Mohammed  | 10.12.2025 - نوێکردنەوە : 10.12.2025
سەرکەوت دوای لەدەستدانی قاچەکانی بووەتە فریادڕەسی هەزاران کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت

Ankara

هەڵەبجە - AA

سەرکەوت حەمە غەریب (٤٤ ساڵ)، دانیشتووی شاری هەڵەبجەی شەهید، ژیانی نموونەیەکی درەوشاوەیە بۆ گۆڕینی ئازار بۆ هێز و بەخشین. ژیانی، چیرۆکێکی پڕ لە ئازار، هیوا و تێکۆشانە.

سەرکەوت وەک خۆی باسی دەکات، لە منداڵیدا خولیای یاری تۆپی پێ بووە، بەڵام قەدەر ڕێڕەوی ژیانی گۆڕیوە و، ئێستا بووەتە هیوای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بە هەموو توانایەوە خزمەتیان دەکات.

لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەرکەوت باسی لە ژیانی خۆی و ئەو کارەساتە کرد کە قاچەکانی لێسەندەوە و، کردی بەو سەرکەوتەی ئێستا تەواوی ژیانی بۆ بەهاناوەچوون و بوژاندنەوەی دڵی کەسانی کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان کردووە.

سەرکەوت ڕایگەیاند: "ناوم سەرکەوت حەمە غەریبە، لە دایکبووی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٩ی شاری هەڵەبجەی شەهیدم، لە منداڵیەوە خولیای و ئاواتم یاری تۆپی پێ بوو. لە منداڵیمدا بە ڕۆژ هاوکاری باوکمم دەکرد کە دووکانی وشکەی هەبوو، لەگەڵیشیدا قوتابخانەم دەکرد. ڕۆژی وا هەبوو لە بری باوکم دەچووم بۆ سلێمانی شتومەکی وشکەم دەکڕی و دەمهێنایەوە بۆ هەڵەبجە. هەرچەندە منداڵ بووم، بەڵام منداڵێکی زۆر زیتەڵە و گرجوگۆڵ بووم. ڕۆژێک کە دەهاتم بۆ سلێمانی قەدەری خودا وابوو لە ڕێگا ئۆتۆمبێلەکەمان کە پاسێک بوو و ٢١ سەرنشینی تێدا بوو، توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو لەگەڵ بارهەڵگرێکی گەورەدا. بەهۆی ئەو ڕووداوەوە هەم شۆفێرەکە هەمیش تەنیشتی من کە منداڵێک بوو لەگەڵ چوار سەرنشینی دواوە گیانیان لەدەستدا".

بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، ئەو کەسانەی بە هانای سەرنشینانی ناو پاسەکەوە چوون وایانزانیوە سەرکەوتیش مردووە. لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: "کاتێک خەڵکی هاتبوون بە هانامانەوە وایانزانیبوو منیش مردووم، بەهۆی ئەوەی پاسەکە زەبرێکی زۆری بەرکەوتبوو هیچ شتێکی نەمابوو، کاتێک دەریانهێنام داوای ئاوم کرد، گوتیان ئەو منداڵە نەمردووە داوای ئاو دەکات. پاش ئەوەی هێنایانم بۆ سلێمانی تا دوو مانگ پێیاننەگوتم کە قاچەکانم لەدەستداوە، نە بە خۆم نە بە دایکم".

گوتیشی: "هەر دەمگوت بۆچی قاچم ئازاری هەیە، ئەیانگوت هیچ نییە پەنجەیەکت شکاوە چاک دەبێتەوە دواتر. ڕۆژێکیان پیاوێک هات بۆ سەردانم، گوتی قاچ دروست دەکەن دەست دروست دەکەن، گوتم بۆ خێرە گوتی ئەی نازانی تۆ هەردوو قاچت نییە ئێستا، ئەو کاتە باوکم بە ڕەحمەت بێت خۆی کرد بە ژووردا و گوتم باوکە هەموو شتێکم زانی، بەڵام زۆر ورەم بەرز بوو. لە ژوورێکی تاکە کەسیدا دایاننابووم، وامزانی هەرخۆم هەردوو قاچم نییە، بەڵام کاتێک بردیانمە قاوشێک بەرامبەرەکەی خۆمم بینی هەردوو دەست، هەردوو قاچ و هەردوو چاوی نییە، ئەو کاتە سوپاسی خودام کرد کە من دەستم باشە و چاوم هەیە. بەڵێ ناخۆش بوو بە منداڵی لەدەستدانی قاچەکان، قوتابخانەش وەرینەگرتمەوە، مامۆستاکان گوتیان قوتابخانە بۆ تۆ نابێت، بەڵام خودای گەورە ژیانێکی بۆ من دانا بوو کە دەبێت بچمە دەرەوەی وڵات، فێری زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی ببم، دوای ئەوەی چەند کۆرسێکی باش دەبینم بگەڕێمەوە بۆ خزمەت کردنی وڵاتەکەی خۆم".

سەرکەوت وێڕای لەدەستدانی قاچەکانی و نەتوانین بۆ گەڕانەوە بۆ قوتابخانە، بڕیاریدا ڕێگای ژیانێکی دیکە بگرێتەبەر. گەشتی دەرەوەی وڵاتی کرد و فێری زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بوو، و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨دا گەڕایەوە بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی.

سەرکەوت دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات، هەموو توانای و ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ هۆشیارکردنەوە و خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. لەو بارەیەوە گوتی: "ساڵی ٢٠٠٨ گەڕامەوە لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە کورسیم هێنا بۆ ئەو قوتابیانەی کە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە، توانیمان وەجبەیەکی باش کورسی بهێنین و ژمارەیەک منداڵ بگەڕێنینەوە بۆ قوتابخانەکان، سەرکەوتنێکی باشمان بەدەستهێنا. واتا لە ٢٠ منداڵەوە دەستمان پێکرد، لە ٢٠٠٨ یەکەم کورسی بوو دابەشمان کرد، تا ئەمڕۆ ٥٠ هەزار کورسی دابەش کراوە".

ڕاشیگەیاند: "ژیانی خۆم و منداڵیم دێتەوە بەرچاو. باوکم خانوویەکی فرۆشت لە پێناو کورسییەکدا بۆ من. کورسییەکەش بەشی دوو مانگی نەکردم. لەبەرئەوە نامەوێت ئەو منداڵانەش هاوشێوەی من بن بە منداڵیی. دەمەوێت هەموو شتێکیان بۆ دابین بکەم، کورسی کارەبایی، کورسی توشبووانی ئیفلیجی مێشک، ئەمڕۆ ئەو کورسیانە هاتوون لە ئەمریکاوە، بەهای هەر کورسییەک دوو هەزار و ٧٠٠ دۆلارە، من دەیبەخشم بە منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. ئەو کورسییە کارەباییانەی کە دابینکراون، هەر کورسییەک ٧٠٠ دۆلارە ئێمە دەیبەخشین بەو منداڵانەی دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان. ئەمە جگە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دروستکردنی دەست و قاچی دەستکرد. ئێمە ئەو قاچانەی دروستی دەکەین بۆ منداڵان، قاچی وا هەیە پەنجا ملیۆن دیناری تێدەچێت. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ ئەو منداڵانەدا دەبن. هەموو سێ مانگ جارێک دەبێت ئەو قاڵبانە بگۆڕن بۆ ئەو منداڵانە".

سەرەڕای ئەو ناخۆشی و ئازارانەی دووچاری بووە، سەرکەوت گەشبینە بەرامبەر ژیان و هەردەم بە هیواوە بۆ ئایندە و دواڕۆژ دەڕوانێت و، دەوروبەر و کەسانی خاوەن پێداویستیش هان دەدات هەمان هەستیان هەبێت و، بە ئیرادەوە ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیانیان ببنەوە. لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: "ئیدی ژیانیش ئاوایە، تا تۆ خودای گەورە شتێکت نەداتێ، شتێکت بەسەر نەهێنێت، هەست بە ئازاری کەسانی دیکە ناکەیت، بۆیە ئێستا من لە ناو ئازارەدام، دەزانم ئەو کەسانە ئازاریان چۆنە، بێ کورسی، بێ دەست، بێ قاچ، بێ پێداویستییەکانی ژیانیان".

سەرکەوت باسی لە سەرەتای کارەکەی کرد و گوتی: "ساڵی ٢٠٠٩ پەیجێکم دانا (بەرەو ژیانێکی نوێ)، خودای گەورە ئەو ڕێکخراوەی کردە نسیبم و، لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕێکخراوێکی سەربەخۆم دانا، گوتم پێم خۆشە خۆم ڕێکخراوێکی سەربەخۆم هەبێت، ئیتر بەرەو ژیانێکی نوێ. منداڵان ئەمڕۆ بینیت لە چ دۆخێکدان، بە باوەش دەهێندران، بە قنەخشکێ دەهاتن، بەڵام کە خستماننە سەر کورسییەکان زۆر دڵخۆش بوون، بینیتانن بە دەوروپشتی پارکەکەدا دەسووڕانەوە".

هاوکات سەرکەوت باسی لە ئامانجی ڕێکخراوەکەی کرد و ڕایگەیاند: "ڕێکخراوی بەرەو ژیانێکی نوێ، گەڕانەوەی ئەو منداڵانەیە و ئەو کەسانەیە لە ژوورە تاریکەکانەوە بۆ ژیانێکی نوێ".

سەبارەت بە سەرچاوەی داهاتی پرۆژەکەی کە هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات، سەرکەوت ڕایگەیاند: "بە ڕاستی سەرچاوەی داهاتم شوێنێک نییە، سەرچاوەی داهاتم هەر کەسێکی خێرخوازە و دەڵێ سەرکەوت دەمەوێت ١٠ کورسی دابین بکەم، دەمەوێت سێ ملیۆن ببەخشم، دەمەوێت شوێنێکت بۆ دابین بکەم بۆ منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تا خزمەتیان بکەیت، واتا سەرچاوەی داهاتەکەم فراوانە، ئەوە نییە بڵێی تەنیا کەسێک پشتیوانیت دەکات و تەواو. کەسی وا هەیە یەک کورسی دابین دەکات، کەسی وا هەیە دێت لە توانایدا نییە تەنیا یەک هەزار دینار یان دوو هەزار دینار دەبەخشێت، بەڵام لە کۆتایی مانگدا ئێمە تەماشا دەکەین ئەو هاوکارییانەی کۆکراونەتەوە بەشی زۆر شت دەکات".

هاوکاری کردنی کەسانی کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت کە لە توانایاندا نییە پێداویستییەکانیان دابین بکەن، بووەتە مایەی دڵخۆشی بۆ سەرکەوت کە بووەتە چرای ژیانیان. لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: "زۆربەی جار لەگەڵ هەردوو منداڵەکەمدا دادەنیشم، دەڵێم خۆم بە پاشا دەزانم، چونکە ئاسوودەم".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın