Sarmand Hameed
02 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح دەستی بە راوێژکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی فراکسیۆنە سیاسییەکان کرد بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ لە شوێنی محەمەد تۆفیق عەللاوی کە کشانەوەی خۆی لە راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکوومەت راگەیاند دوای ئەوەی نەیتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەست بھێنێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئەمرۆ دوو شەممە لە بەغدا بەجیا پێشوازیی لە ھەریەک لە سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالکی و سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر، حەیدەر عەبادی کرد.
لە میانی دیدارەکاندا بەرھەم ساڵح، جەختی لە گرنگی پەلەکردن لە رێککەوتنی فراکسیۆنە سیاسییەکان کردووەتەوە بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ کە جێگەی رەزامەندی بێت لەسەر ئاستی نیشتمانی و جەماوەری، ھەروەھا دووپاتی لە پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردووەتەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکان و رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق ببێتەوە.
ھەر لەدیدارەکاندا، سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ھەمووان بەرپرسیارن لەم ئەرکە نیشتمانییە و دوورخستنەوەی وڵات لەو دۆخە سەختەی ئێستای کە پێیدا تێدەپەڕێت و ئامادەکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت و جێبەجێکردنی خواستی گەلی عێراق بە تەواوی پێکھاتەکانییەوە.
لەدیدارەکاندا ھەمووان ھاوڕابوون لەسەر بەردەوامی دیالۆگ و راوێژکردن لە نێوان ھێزە سیاسییەکان بۆ دیاریکردن و بەربژێریکردنی کەسێک کە پەسەندکراو بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی بەرکەوتەکانی قۆناغی داھاتوو و جێبەجێکردنی داواکاری و چاکسازییەکان بێتەوە لە وڵاتدا.