Sarmand Hameed
02 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند کە وڵات لەبەردەم بۆشایی دەستووریی و کارگێرییدایە و داوای کرد بە زووترین کات حکوومەتی نوێ پکبھێنرێت، ھاوکات پێشنیازی کرد کە رۆژی ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی دیاریی بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی نامەیەکی ئاراستەی سەرکۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
عادل عەبدولمەھدی لە نامەکەیدا باسی لە سەرنەکەوتنی محەمەد تۆفیق عەللاوی لە ئەرکی پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی عێراق کردووە و رایگەیاندووە "بەداخەوەم کە بەڕێز محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرکەوتوو نەبوو لە ئەرکی پێکھێنانی حکوومەت".
عادل عەبدولمەھدی رووی قسەکانی ئاراستەی ئەوانە کردووە کە نامەکەی ئاراستە کردوون و دەڵێت: "ئەمڕۆ لەبەردەم گەل و ئێوە رایدەگەیەنم کە بۆشایی دەستووریی و کارگێریی ئەو مەترسییەیە کە لەبەردەماندایە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە لە دانیشتنێکی نائاساییدا یاسایی ھەڵبژاردنەکان و بازنەکانی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان یەکلایی بکاتەوە.
عادل عەبدولمەھدی داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە و پێشنیازی کردووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی دیاریی بکات و کۆمیسیۆن ئامادەکاریی بکات بۆ ھەڵبژاردنێکی ئازاد.
ھاوکات داوای کردووە کە ٦٠ رۆژ بەر لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەران خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بەپێی ماددەی ٧٦ لە دەستووری عێراق، داوای کردووە بەزووترین کات حکوومەتی نوێ پێکبھێنرێت و راشیگەیاندووە کە ھیچی دیکە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکات و دەکرێت جێگرێکی سەرۆکوەزیران یان وەزیرێک بەرپرسیارییەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بگرێتە ئەستۆ و کاروبارەکانی رۆژانە رابپەڕێنێت.
عادل عەبدولمەھدی راشیگەیاندووە کە حکوومەتی کاربەڕێکەر چارەسەرێکی گونجاو نییە بۆ عێراق و ئەو دۆخە ھەستیارەی ئێستای.
سەرەتای مانگی شوبات سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا خۆپیشاندەران، عادل عەبدولمەھدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
محەمەد تۆفیق عەللاوی لە دوو دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نەیتوانی متمانەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆخۆی حکوومەتەکەی بەدەست بھێنێت و درەنگانی شەوی رابردوو لە پەیامێکدا داوای لێبووردنی لە راسپاردنی کرد و کشانەوەی خۆی لە راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکوومەت راگەیاند.