Arif Yusuf,Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ـ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامی ئەو خۆپیشاندانانەی لە وڵاتەکەیدا سەریان ھەڵداوە، زیانی ملیارەھا دۆلاریان بە عێراق گەیاندووە، داواش دەکات ژیان بۆسەر رێچکەی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە.
عادل عەبدولمەھدی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کردووە و تیایدا رایگەیاندووە "خۆپیشاندانەکان زۆرێک لە ئامانجەکانی بەدیھات، ھەروەھا وای کرد ھەرسێ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران بە ھەڵوێستەکانیاندا بچنەوە".
عەبدولمەھدی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر داوای خۆپیشاندەران چەندین بڕیار دەرکراوە کەبەشی زۆری داواکاری خۆپیشاندەرانە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا داوای لێکجیاکردنەوەی ئاژاوەگێران لە خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە دەکات، لەھەمانکاتدا ھۆشداری داوە لەوەی بەھۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە زیانی گەورەی لە کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا داوە و هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دانیشتنەکانی تایبەت بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٠ راگیراون.
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆر وڵات و خاوەن کاری بیانی و ناوخۆیی نیگەرانن لە دۆخی عێراق، ھەروەھا زیانیان لەبەرژەوەندی ناوخۆیی ولات داوە کەبەھۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە وەستاون.
عەبدولمەھدی لە پەیامەکەیدا باس لەوەش دەکات، بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی کەرتی نەوت و رێگرتنی بەندەرەکانی عێراق ھەبووە، ئەوەش زیانی ملیاران دۆلار بە وڵات دەگەیەنێت و وادەکات ھەندێک کەرەستەی سەرەکی رۆژانە نەگەنە بازارەکان و نرخیان گرانتر بێت.
عێراق لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە بەغدا و شارەکانی تری باشوور بەخۆوە دەبینێت، سەرەتای خۆپیشاندانەکان کە لەیەکی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکرد ماوەی ھەفتەیەکی خایاند، دواتر لە ٢٥ی ھەمان مانگ جارێکی تر خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە و تائێستا بەردەوامییان ھەیە.
لەئاکامی گرژی و ئاڵۆزییەکان و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی بارەگاکان، تائێستا ٢٦٥ کەس کوژراون و ھەزارانی تریش بریندار بوون.
داواکاری سەرەتای خۆپیشاندانەکان، باشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دابینکردنی ھەلی کار ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، دواتر بەھۆی بەکارھێنانی زەبر و زەنگ لەبەرامبەریان و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بەو ھۆیەوە، ئاستی داواکانیان گۆڕی بۆ لەکارخستنی حکوومەت.
لەبەرامبەردا حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی زنجیرەیەک بڕیاری ئەنجامدانی چاکسازی راگەیاندووە و بڕیاری لێپرسینەوەشی لەو کەسانە داوە کە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی توندوتیژی و ھێز لەدژی خۆپیشاندەران.