AA
04 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
كەربەلا ــ AA
هێزە ئەمنییەكانی عێراق رێوشوێنی توندیان لە دەورووبەری كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلا گرتووەتەبەر، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ یەكشەممە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە هەوڵی سووتاندنی كۆنسوڵخانەكە درا.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەربەلا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە لەئێستادا، هێزە ئەمنییەكان بەگرتنەبەری رێوشوێنی توند رەوشی دەورووبەری كۆنسوڵخانەی ئێران-یان لە شاری كەربەلا كۆنتڕۆڵكردووە.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد كە شەوی رابردوو خۆپیشاندەران هەوڵیاندا هەڵبكوتنە سەر كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلا و بیسووتێنن، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگرییان لێكراوە بەهۆیەوە پێكھەڵپڕژان لە نێوان هەردوولادا روویدا.
بە گوتەی سەرچاوەكە لە ئاكامی پێكھەڵپڕژانەكەدا، ١٢ خۆپیشاندەر برینداربوون كە بە مەبەستی چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد كە شەوی رابردوو لە كاتی هەڵكوتنەسەر كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، هیچ فەرمانبەرێك لەناو كۆنسوڵخانەكەدا نەبووە.
شەوی رابردوو خۆپیشاندەران ئاڵای عێراقییان لەسەر دیواری كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلا هەڵكرد و دواتر هەوڵیاندا كۆنسوڵخانە بسووتێنن، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگرییان لێكرا.